فراکسیۆنی گۆڕان لەسەر دامەزراندن و دەرماڵەی خوێندکاران یاداشتێک ئاڕاستەی حکومەت دەکات

08/04/2019

فراکسیۆنی گۆڕان یاداشتێک سەبارەت بە موچەخۆران و خوێندکاران و خۆبەخشانی تەندروستی و فەرمانبەرانی گرێبەست ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەت دەکات و داوای دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیار دەکات لە بەرژەوەندی ئەو توێژانە.

لە یاداشتەکەدا کە رۆژی (2-4-2019)ی لەسەرە، فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، چەند چینێک زۆرترین قوربانیان داوە، کە زۆرینەیان خەڵکی هەژارن، داواکارین لە بەڕێزتان پێداچونەوە بەکۆی ئەو بڕیارانە بکەن لە رابردودا دراون، لەگەڵ دەرکردنی چەد بڕیارێک بۆ ئێستا.

فراکسیۆنی گۆڕان لە چوار خاڵدا ئاماژەی بەو چین و توێژانە کردوەو دەڵێت: ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە ئەو هاوکارییەی لە شێوەی موچەی مانگانە دەدرا بە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی راگیراوە،
کە زۆرینەیان ئافرەتی بێ هاوسەر و منداڵی بێ دایک و باوک و نەخۆشی درێژخایەنن، ئەمانە هیچ سەرچاوەی دیکەی داراییان نییەو دەرفەتی کاریش نیە بۆیان، گەڕاندنەوەی
ئەم موچەیە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ژیانیان.

هاوکات داوای پێدانی دەرماڵەی خوێندن بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات، کە هاوکارە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن بەباشی درێژە بە پرۆسەی خوێندن بدەن.

لە بەشێکی تری یاداشتەکەدا، فراکسیۆنی گۆڕان داوا دەکات لە کاتی دەستپێکردنەوەی دامەزراندن، مامۆستایانی وانەبێژو گرێبەست، خۆبەخشانی تەندروستی، خوێندکارە یەکەمەکان و
فەرمانبەرانی گرێبەست لە پێشینەبن بۆ دامەزراندن، بەوپێیەی لە رابردودا خزمەتی گەورەیان کردوە.

لای خۆشیەوە عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بە (سبەی) وت: سەبارەت بەو یاداشتە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت قسەمان کردوە، بەوهیوایەین ئەنجامی هەبێت.


هەواڵی زیاتر