راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی
17/02/2024
ئەمڕۆ شەمە (١٧ی شوباتی ٢٠٢٤)، جڤاتی نیشتمانی یەکەمین کۆبونەوەی دوای بەستنی دوهەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە مەکۆی سەرەکی لە شاری سلێمانی گرێدا.
لەسەرەتادا، ئەندامانی جڤات دەقیقەیەک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی (١٧ی شوبات) وەستان و یادی جوڵانەوەی مەدەنی و بەرهەڵستکاری (١٧ی شوباتی ٢٠١١)یان بەرز ڕاگرت، هەروەک جەختکرایەوە لەسەر ڕەوایەتی پەیام و داواکاری بەرپرسیارانەی خۆپیشاندەران و شەقامی ناڕازی، کە پێویست بو ئەوکات لەبری بەگژداچونەوە و بەکارهێنانی توندوتیژی؛ خواستەکانیان جێبەجێ بکرایە و حوکمڕانیەکی دروستترمان هەبوایە، کە ئێستا و دوای تێپەڕبونی (١٣) ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوانەدا، هەرێمی کوردستان لەناو چەندین قەیرانی سیاسیی، ئابوری و دارایی، یاسایی و ئیداری و خزمەتگوزاریدایە.
پلانکاری کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە چەند تەوەرێک لەوانە، دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی دوهەمین کۆنفرانسی نیشتمانی لەچوارچێوەی دەستوری پەسەندکرا و تەواوکردنی هەنگاوە کردارییەکانی خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەی پەیکەرەی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان.
کۆبونەوەکە هەڵوەستەی ڕژدی لەسەر قەیران و کێشە سیاسیی و دارایی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لەو چوارچێوەیەدا بە پێویست زانرا حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی نوێنەرانی کورد لەبەغدا پێداگیرتر لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی لە گفتوگۆدابن بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکان، بەشێوەیەک چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بدۆزرێتەوە بە وەڵامی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژەوە؛ کۆتای بەم جیاکارییە بێت، کە لەنێوان موچەخۆرانی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی دەکرێت.
لە کۆتایدا، گفتوگۆ کرا لەسەر پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوخۆی هەرێم، کە بەداخەوە لە خزمەتی چاکەی گشتی و خواستی هاونیشتمانیان نیە، لەو سۆنگەیەوە پێویستە لایەنە سیاسیەکان پابەندبن بە بنەماکانی سەروەری یاسا و بەهێزکردنی پێگەی دامەزراوە فەرمیەکان لەلایەک و، داکۆکیکردن لە ئازادییە گشتی و مەدەنیەکان لەپێناو سەقامگیری و ئارامی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
١٧ی ٢ی ٢٠٢٤