فەرمان مەجید: هەنگاوى رژد نەنراوە بۆ قەرەبوکردنەوەى کەسوکارى ئەنفالکراوان
21/02/2024
فەرمان
مەجید، باژێروانى چەمچەماڵى بزوتنەوەى گۆڕان، رایدەگەیەنێت؛ هەنگاوى رژد نەنراوە
بۆ قەرەبوکردنەوەى کەسوکارى ئەنفالکراوان، بۆیە پێویستە هەوڵى جددى بدرێت لەسەر
ئاستى حکومى و حزبیى و نێودەوڵەتى بۆ هێنانەوەى تەواوى روفاتى قوربانیانى ئەنفال و
قەرەبوکردنەوەى کەسوکاریان.
ئەمڕۆ
چوارشەممە (2024/2/21)، شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارى کرد لە رێوڕەسمى
بەخاکسپاردنى (172) قوربانى ئەنفال لە مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ بۆ
دوپاتکردنەوەى پشتیوانى لە دۆسیەى قوربانیان و وەستان لەگەڵ کەسوکارى قوربانیان و
پێداگیرى لە بەدەستهێنانەوەى مافەکانیان.
فەرمان
مەجید، باژێروانى چەمچەماڵى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند: ئەمڕۆ بە شاندێکى فەرمى
بزوتنەوەى گۆڕان و تەواوى ئەنجومەنى قەزاى چەمچەماڵى بزوتنەوەى گۆڕانەوە لێرەین لە
حزورى قوربانیان و کەسوکارى ئەنفالکراواندا بۆ رێزگرتن لە رۆحى پاک و
قوربانیدانیان.
سەبارەت
بە هێنانەوەى تەواوى روفاتى قوربانیان و دۆخى کەسوکارى قوربانیان و بێخزمەتى سنورەکە،
باژێروانى چەمچەماڵى بزوتنەوەى گۆڕان وتى: هەنگاوى جدى و پێویست دەبو بنرایە بۆ
قەرەبوى رۆحى و دەرونى کەسوکارى ئەنفالکراوان، بەڵام لە ساڵانى رابردودا بە داخەوە
ئەو بێباکى و قەیرانانەى هەبون خەڵکیان نیگەران کردوە، بۆیە پێویستە هەوڵى جدرى بدرێت
لەسەر ئاستى حکومى و حزبى و نێودەوڵەتى بۆ هێنانەوەى تەواوى روفاتى قوربانیانى ئەنفال
و قەرەبوکردنەوەى کەسوکاریان و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان بۆ سنورەکە و چارەسەرى
کێشەى کەمئاوى کەموکوڕییەکانى بوارى پەروەردە و تەندورستى و گەشەپێدانى گەشتوگوزار
و وەبەرهێنان لە سنورى قەزاى چەمچەماڵ.