ئەنجومەنى قەزاى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان: لە دوای (33) ساڵ لە راپەڕین بۆ ئازادى یەکسانى، خەڵک ڕوبەڕوی کۆمەڵێک ئاڵنگاری سیاسی و ئیداری و دارایی سەخت بوەتەوە
10/03/2024
ئەنجومەنى
قەزاى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان، لە ساڵیادى راپەڕینى شارەکەدا رایدەگەیەنێت؛ راپەڕین کە بە نەخشەداڕێژی ئەندازیارەکەی ڕەوانشاد
نەوشیروان مستەفا و هێزی پێشمەرگە و پارتیزانەکان و شانە چەکدارەکان و خەڵکى
کوردستان بەڕێوەچوو، ئامانج لێى حوکمڕانی خۆماڵی کوردى بو کە خەڵک لە سایەیدا
بحەسێتەوە، بەڵام لە دوای (33) ساڵ ڕۆژ بەڕۆژ بار و گوزەرانی خەڵک خراپتر دەبێت و میللەتەکەمان
ڕوبەڕوی کۆمەڵێک ئاڵنگاری سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی بوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە: ئێستا
زیاتر لە هەموکات میللەتەکەمان پێویستی بە یەکڕیزی زیاتری نێوان پارتەسیاسیەکان هەیە
بۆئەوەی خەباتی دەیان ساڵەی تێکۆشەران و خەڵکی کوردستان بەهەدەر نەچێت، "لەئاستی
گەرمیان و شاری کفری-ش بەهۆى پەراوێزخستن و نەبوونی خزمەتگوزاری و پڕۆژە و هەلی
کارەوە خەڵکى لەبرى چنینەوەى بەرهەمى راپەڕین گلەیی و ناڕەزایەتی لە شێوازى
حوکمڕانى و دابینکردنى پێداویستییەکان هەیە".
دەقى راگەیەندراوەکە
ئەمرۆ ٢٠٢٤/٣/١٠ سی و سێ هەمین
ساڵیادی راپەڕینی جەماوەری خۆڕاگڕی شاری کفری یە، کە بەسەر پەرشتی هێزی پێشمەرگەی
کوردستان و مەفرەزە پارتیزانەکان و رێکخستنە نهێنیەکان و خەڵک لە دژی زوڵم و ستەمی
بەعسیەکان بەڕێوەچوو.
بەم بۆنەیەوە و بەناوی ئەنجوومەنی
قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی شارەکەمان و تەواوی
کوردستانیان دەکەین، چەپکە گوڵی نێرگزی بەهارە ئاڕاستەی ئارامگەی شەهیدەکان خانەوادە
سەربەرزەکانیان دەکەین. راپەڕین کە بەنەخشەداڕێژی ئەندازیارەکەی ڕەوانشاد نەوشیروان
مستەفا و هێزی پێشمەرگە و پارتیزانەکان و شانە چەکدارەکان و سوپای ڕزگاری کوردستان
(سرک) بەڕێوەچوو، بەربوومی ڕاپەڕین کە خەڵک ئومێدی پێی هەبوو حوکمڕانی خۆماڵی
کوردستانی بوو، مەخابن لەدوای سی و ساڵ ڕۆژ بەڕۆژ بار و گوزەرانی خەڵک خراپتر دەبێت
و بەتایبەت لەم کاتەدا میللەتەکەمان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری سیاسی و ئیداری و
دارایی و یاسایی بووەتەوە ، ئەمەش وای کردووە خەڵک هێندەی تر ناڕازی بێت لەم حکومڕانییە
هاوبەشەی نێوان دووهێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان.
لەئێستادا میللەتەکەمان پێویستی
بە یەکڕیزی زیاتری نێوان پارتەسیاسیەکان هەیە بۆئەوەی بەرهەمەکانی ڕاپەڕین کە خەباتی
دەیان ساڵەی تێکۆشەران و خەڵکی بووە بەهەدەر نەچێت، لەئاستی گەرمیان و شاری کفری یش
سەرەڕای پەراوێز خستنی ناوچەکە بەگەشتی و شاریش بەتایبەتی کە ئیستاش خەڵک لە نەبوونی
خزمەتگوزاری و هەلی کار و پەراوێز خستن گلەیی و ناڕەزایەتی زۆری هەیە لەم جۆرە
حکومڕانیە کە بەداخەوە لە دوای سی و ساڵ تا ئێستاش بەشێکی خەڵک پێداویستیە سەرەتاییەکانی
خزمەتگوزاری نیە ، بۆیە ڕاپەڕین لە پێناو ئازادی و دادی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و
خزمەتگوزاری و ستەم و زوڵم بوو، بەڵام بەداخەوە
ئیستاش بەشێکی زۆری دیدگاکانی راپەرین وەک خۆی جێبەجێ نەبووە.
نەمری بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین
ژیان و گوزەرانی باش بۆ تێکۆشەرانی
ڕاپەرێن و خانەوادەی شەهیدان
ئەنجوومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی
گۆڕان
٢٠٢٤/٣/١٠