بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفڕانسی نەتەوەیی کوردستان: بەهێزترین چەکی دەستی کورد بنیاتنانی دیموکراسی راستەقینەیە
20/04/2024
بزوتنەوەی
گۆڕان لە (22)ـەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی کوردستان رایدەگەیەنێت: ئێستا گەلی کورد
روبەڕوی چەندین ئاڵنگاری بوەتەوە و وەک پێویست وانەمان لە مێژو وەرنەگرتوە، ئەگەر
دەسەڵاتدارانی هەرێم بەخۆیاندا نەچنەوە مەترسی جددی لەسەر پاراستنی کیانی هەرێمی
کوردستان دروست دەبێت، بەڵام بڕوای نەگۆڕمان ئەوەیە؛ رێگەی مانەوە و گەشەکردن و سەربەخۆیی
کوردستان بە دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەریدا تێدەپەڕێت، بەهێزترین چەکی دەستی
کورد بنیاتنانی دیموکراسی راستەقینەیە.
ئەمڕۆ
(2024/4/20) بە بەشداری هەریەک لە (هەڤاڵ ئەبوبکر، فوئاد جەمال، هەوراز بابەجان،
بەهرە محەمەد، سەرکەوت فەتاح و هیوا ناسح) نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە وڵاتی
هۆڵەندا (٢٢)ـەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی کوردستان دەستى بەکارەکانى کرد، لە وتارێکدا
کە لەلایەن فوئاد جەمال ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى پێشکەشکرا، بزوتنەوەى گۆڕان
رایدەگەیەنێت؛ لە ئێستادا، فۆرمێکی نوێی گۆڕانکاری لە دیمۆگرافی خاکی کوردستان
جێبەجێ دەکرێت، چونکە لەم ساڵانەدا بە ملیۆنان عەرەب بەناوی هەڵاتن لە ترسی هێرشی
چەکدارانی داعش لە شارەکانی باشوری کوردستان گیرساونەتەوە و دوای نەمانی داعش؛
نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شارو ناوچەکانی خۆیان، لای بەشێک ئەمە جێگەی نیگەرانیە و
وەک مەترسی گۆڕینی دیموگرافی نوێ تەماشا دەکرێت، هەروەک لە کەرکوک و ناوچە
کوردستانیەکانی دیکە شەپۆلێکی نوێی بە عەرەب کردن جێبەجێ دەکرێت".
هەروەک لە وتارى بزوتنەوەى گۆڕاندا
هاتوە؛ بەدرێژایی سەدەی بیستەم کورد توشی چەندین فۆڕمی ستەمکاری و سەرکوتکاری بوەتەوە
و لە زۆرێک لە مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی، یاسایی، ئابوری و کلتوری و فەرهەنگیەکانی خۆی
بێبەش کراوە. دەوڵەتانی سەردەست، ئەوەی لە دەستیان هاتبێت لە ڕێگای زەبرو و زەنگەوە،
لە ڕێگەی ستەمکاری و جینۆسایدەوە و بە مەبەستی سەرکوتکردن و ملکەچ کردنی کورد و لەناو
بردنی زمان و کلتورەکەی و تواندنەوەی لە ناو کلتور و زمانی داگیرکەراندا، درێخیان
نەکردوە. لە پاڵ ئەمەشدا، هێنانی سیاسەتێکی نەگۆڕی ئەم دەوڵەتانە بۆ گۆرینی دیمۆگرافی
خاکی کوردستان بەشێکی گەورەی ئەو تاوانانەیە کە لە لایەن داگیرکەرانەوە بەرامبەر نیشتمانی
کورد دەکرێت، بەڵام "کورد دەستبەرداری مافەکانی نابێت و بە تەواوی هێزەوە
رووبەڕووی واقعی سەپێنراو دەبێتەوە.
ناتوانرێت
بە رێگەی هێز رێڕەوی ئازادی کورد بوەستێنن و بزوتنەوەی گۆڕان هێز لە خەڵکی
کوردستان وەردەگرێت و بریکاری هیچ دەوڵەتێک نەبووە و نییە و بڕوای نەگۆڕمان ئەوەیە؛
رێگەی مانەوە و گەشەکردن و سەربەخۆیی کوردستان بە دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەریدا
تێدەپەڕێت، بەهێزترین چەکی دەستی کورد بنیاتنانی دیموکراسی راستەقینەیە.
دەقى وتاری
بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسى نەتەوەیی کوردستان:
خوشک و
برایان..
هاونیشتیمانیان
لە هەر چوار بەشی کوردستان..
ئەندامانی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
بەڕێزان
لە رەوەندی کوردی..
ئەم
کاتەتان باش..
لە دەستپێکدا
بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەین. پێکەوەبوونی ئێمە بە روانین و روئیای جیاواز وەک هاونیشتیمانی،
پارتی سیاسی، نووسەران، رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، مێژوونووسان سەلمێنەری ئەو راستیەیە،
کە سەرەڕای سیاسەتی (١٠٠) ساڵی رابردوو بۆ نکۆڵیکردن و لە ناوبردنی کورد بە جینۆساید
و ئەنفال و فۆڕمەکانی دیکەی سڕینەوەی شوناسی کورد، ئێمە لێرەین، لێرەبوونێک زۆر لەوانەی
خەونی شکاندنی ئیرادەی گەلانی کوردستانیان هەبوو نەماون، لەبەرامبەردا لە هەموو بەشەکانی
کوردستان گەلانی کوردستان بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ ئازادی.
خوشک و برایانی بەرێز..
. بەدرێژایی سەدەی بیستەم
کورد توشی چەندین فۆڕمی ستەمکاری و سەرکوتکاری بوەتەوە و لە زۆرێک لە مافە کۆمەڵایەتی،
سیاسی، یاسایی، ئابوری و کلتوری و فەرهەنگیەکانی خۆی بێبەش کراوە. دەوڵەتانی سەردەست،
ئەوەی لە دەستیان هاتبێت لە ڕێگای زەبرو و زەنگەوە، لە ڕێگەی ستەمکاری و جینۆسایدەوە
و بە مەبەستی سەرکوتکردن و ملکەچ کردنی کورد و لەناو بردنی زمان و کلتورەکەی و
تواندنەوەی لە ناو کلتور و زمانی داگیرکەراندا، درێخیان نەکردوە. لە پاڵ ئەمەشدا،
هێنانی سیاسەتێکی نەگۆڕی ئەم دەوڵەتانە بۆ گۆرینی دیمۆگرافی خاکی کوردستان بەشێکی
گەورەی ئەو تاوانانەیە کە لە لایەن داگیرکەرانەوە بەرامبەر نیشتمانی کورد دەکرێت.
یەکەم:
کورد دەستبەرداری مافەکانی نابێت و بە تەواوی هێزەوە رووبەڕووی واقعی سەپێنراو دەبێتەوە.
دووەم:
کورد رەنگە لەسەر نەخشەی سیاسی دابەشکراو بێت، بەڵام هەر یەک نەتەوەیە. بوونی هەموومان
لێرە بەڵگەی ئەو راستیەیە.
سێیەم:
هیچ کام لە دەوڵەتانی سەردەست ناتوانن بە رێگەی هێز رێڕەوی ئازادی کورد بوەستێنن.
چوارەم:
ئاشتی راستەقینە و دادپەروەرانە لە هیچکام لەو دەوڵەتانە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت
تاکو دۆزی کورد بە رێگەی ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەرانە چارەسەر نەکرێت.
پێنجەم:
ئەگەر سیاسەتی دەوڵەتانی سەردەست قەتیسکردنی دۆزی کورد بوبێت و وێناکردنی بووبێت وەک
پرسێکی ناوخۆی، لەمەشدا شکستیان هێنا و ئەمڕۆ دۆزی کورد باڵی کێشاوە بۆ سەرجەم وڵاتانی
جیهان و کورد لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکان پەیوەندی فەرمی سیاسی و دیپلۆماسی هەیە، رەوەندی
کوردییش لەم پێناوەدا لە هەموو ساتە هەستیارەکاندا رۆڵی مەزنی هەبووە.
لەئێستادا،
فۆرمێکی نوێی گۆڕانکاری لە دیمۆگرافی خاکی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، چونکە لەم ساڵانەدا
بە ملیۆنان عەرەب بەناوی هەڵاتن لە ترسی هێرشی چەکدارانی داعش لە شارەکانی باشووری
کوردستان گیرساونەتەوە و دوای نەمانی داعش؛ نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شارو ناوچەکانی
خۆیان و، لای بەشێک ئەمە جێگەی نیگەرانیە و وەک مەترسی گۆڕینی دیموگرافی نوێ تەماشای
ئەکرێت، هەروەک لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دیکە شەپۆلێکی نوێی بە عەرەب
کردن جێبەجێ دەکرێت.
لێرەدا
بە پێویستی دەزانین سیاسەت و ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان بخەینەڕوو:
یەکەم:
لای بزوتنەوەی گۆڕان کوردستان نیشتیمانێکی دابەشکراوە.
دووەم:
پشتیوانی تەواوی خوشک و برایانمان دەکەین لە هەموو کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان
بەبێ دەستوەردان لە کاروباریان.
سێیەم:
بزوتنەوەی گۆڕان هێز لە خەڵکی کوردستان وەردەگرێت و بریکاری هیچ دەوڵەتێک نەبووە و
نییە.
چوارەم:
پشتیوانی کەم وێنەی رۆژئاڤامان کردووە، بە تایبەت بە کردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی لەگەڵ
دەوڵەتان لە ساتە سەختەکاندا.
پێنجەم:
بڕوای نەگۆڕمان ئەوەیە؛ رێگەی مانەوە و گەشەکردن و سەربەخۆیی کوردستان بە دیموکراسی
و ئازادی و دادپەروەریدا تێدەپەڕێت، بەهێزترین چەکی دەستی کورد بنیاتنانی دیموکراسی
راستەقینەیە، بە پشتکردن لە دیموکراسی؛ هاوپەیمان و دۆستە بەهێزەکانمان لە ئەمریکا
و دەوڵەتانی ئەوروپا لە دەست دەدەین و سەرەتاکانی ئەم مەترسییە لە هەرێمی کوردستان
دەرکەوتووە.
پەیوەست
بە ئامانجی دیموکراسی سەربەخۆی کوردستان لە پرۆگرامی ساسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا
هاتووە، ''ئازادی گەلی کوردستان و مافی بڕیاردانی چارەنووسن، بە بڕیاردانی سەربەخۆی
کوردستانیشەوە، ئامانجێکی باڵا و ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕانە''. لێرەدا روئیای رەوانشاد
نەوشیروان مستەفا لەسەر ئەم پرسە بۆ بەڕێزتان دەخەینەڕوو:
''ئێمە لەسەر ئاستی سیاسی، وەک ئامانجێکی نیشتیمانی باڵا خەبات بۆ ئازادی
کوردستان ئەکەین تا ئاستی سەربەخۆی نیشتیمانی. کوردستانی سەربەخۆبون، ئەبێ دامەزراوەیەکی
سیاسی هەبێت کە پێویستی بەسازانێکی نیشتیمانی نووسراوە لە شێوەی دەستور و کۆمەڵێک یاسادا.
ئێمە لەگەڵ سەربەخۆی کوردستانین، ئێمە لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینین. ئێمە لەگەڵ پێکهێنانی
دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانین. ئێمە ئەمانەوێ کوردستان دەوڵەتێک بێت ببێت بە قیبلە
بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان. هەموو چاوی تێ ببڕن.''
ئەمڕۆ
گەلی کورد رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە و لە هەمان کاتدا دەرفەتی گەورەشی
لە پێشە. ئێمە وەک پێویست وانەمان لە مێژووی خۆمان وەرنەگرتووە و ناکۆکی و لێکترازانی
ناوخۆیی و نەبونی ستراتیژی نیشتیمانی لەسەر بنەمای ئاسایش و قازانجی نەتەوەیی پێش
ناخەین. کورد لەو ساتەدا مێژوویانەدا دەستکەوتی هەبووە کە لەناوخۆدا یەک بووە. ئاڵنگارییەکی
دیکە مەترسییەکانی بەردەم کیانی دەستوریی هەرێمی کوردستانی عێراق ناتەبایی هێزەسیاسیەکانە،
چونکە کەوتنی کورد لە هەر بەشێک کەوتنی هەموو گەلی کوردە. بێ حیکمەت نیە، لە گۆڕانکارییە
جیهانیەکاندا، بەشێک لە گەلان بە مافی ڕەوای خۆیان و دەوڵەت و وڵاتی سەربەخۆ گەیشتن،
ئێمەش سەرەڕای فاکتەرە دەرەکیەکان، لەناوخۆدا بەهۆی خراپی ئیدارەدان و حوکمڕانی، بەیەکەوە
کارنەکردن و نەبوونی یەک گوتاری، زاڵکردنی بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکان بەسەر بەرژەوەندییە
نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، زەمینەسازی زیاترمان بۆ دابەشبوون و لەتبوون و هەژمونی
دەوڵەتە زلهێزەکانە، لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان ئەگەر دەسەڵاتدارانی
هەرێم بە خۆیاندا نەچنەوە و، لەسەر بنەمای ڕوئیایەکی نیشتیمانی بۆ دروستکردنی پایەکانی
حوکمڕانیەکی دروست لە ناوەوە و، بۆ پاراستن و بەدیهێنانی بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان
مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جیهاندا نەکەن، مەترسی جدی لەسەر پاراستنی کیانی
هەرێمی کوردستان دروست ئەبێت، رەنگە گەلی کورد نەتوانێ لەسەر بنەمای هێزی سیاسی،
ئابوری، سەربازی و دیپلۆماسی شەڕی هەموو دەوروبەری بکات ئەگەر تەماشای ژمارە بکرێت
بە تەنیا، لەبەرئەوە بە باوەڕمان بە دادپەروەریبوونی دۆزی کورد، دیموکراسی و ئازادی
بەهێزترین زەمانەتە بۆ کورد.
ئامادەبوانی
بەڕێز..
وەک
بزوتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی خۆمان بۆ هەر هەوڵێکی ئاشتی و سیاسی دەردەبڕین کە بەرگری
لە مافی کورد بکات لە هەر جێگەیەک بێت، دەستخۆشی لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکەین، کە ئەم
کونفرانسەیان رێکخستووە و پشتیوانی خۆمان بۆ کاری پێکەوەیی دەردەبڕین
خوشک و برایانی بەڕێز..
لە کۆتایدا،
سڵاو و رێزی جڤاتی نیشتیمانی و هەڵسوڕاونی بزوتنەوەی گۆڕان-تان پێ ڕادەگەیەنین و
ئومێد ئەکەین کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وەک چەترێک بێت بۆ هەموو گەلی کورد و پارتی
سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، هاوکات کۆنفراسەکەمان سەرکەتوو بێت و خاڵێکی
وەرچەرخان بێت لە چەسپاندنی ئامانجە هاوبەشەکانمان و ناردنی پەیامێکی ڕوون بێت کە
گەلی کورد پێکەوەیە، پێکەوە بە پێوەین تاکو گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان؛ بە بیر و قەڵەم
و دیپلۆماسی و فۆڕمەکانی دیکەی خەباتی ڕزگاری و ئازادی بەردەوامین لە تێکۆشان بۆ گەیشتن
بە سەربەستی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.
لەگەڵ ڕێزی
بزوتنەوەی
گۆڕان