سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەردانی مەکۆی کەلاری بزوتنەوەی گۆڕان دەكات

02/06/2024

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە (٢ی ٦ی٢٠٢٤) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەیاوەری جێگری سەرپەرشتیار و قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی پەروەردە و ئەوقاف و کاروباری ئاینی، سەردانی مەکۆی کەلاری بزوتنەوەی گۆڕانی کرد بە بۆنەوەی دەستبەکاربوونی باژێڕوانی نوێ و تاوتوێكردنی چەند پرسێك.

جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پیرۆزبایی لە باژێڕوانی نوێی گۆڕان لە كەلار کرد و ئاماژەی بە کارەکانی ئیدارەكە و. حكومەتی خۆجێی كرد، هاوكات ستایشی رۆڵی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە هەماهەنگی و پشتیوانی بۆ ئیدارەی گەرمیان و دامەزراوەكان بۆ خزمەتی سنورەکە.

لای خۆیەوە، مەریوان رەحیم باژێڕوانی كەلاری بزوتنەوەی گۆڕان، سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و شاندی یاوەری کرد بۆ سەردانەکە و پشتیوانی بزوتنەوەکەشی بۆ ئیدارەی گەرمیان دوپاتکردەوە بە ئامانجی بەدەمەوەچونی داخوازییەكانی خەڵك و خزمەتی زیاتری سنورەكە لەروی پڕۆژە و خزمەتگوزاری و رەخساندی هەلی كار و جەختیشی کردەوە، مەکۆی کەلار هاوکار و هەماهەنگ دەبێت بۆ گۆڕانکاری لە پۆستە ئیداریەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ خزمەتی خەڵك.


هەواڵی زیاتر