ژوورە پەیوەندیدارەکان و ئۆرگانەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بڕیاردان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کۆدەبنەوە

06/06/2024

بە بەشداری رێکخەرانی ژوورەکانی )یاسایی، هەڵبژاردن، رەوەندی کوردی) و بەرپرسی گۆشەی خواروی ئەوروپا، ئەندامانی ژووری رەوەندى کوردى و بەرپرسی ئەنجومەنەکان، کۆبونەوەیەکى تایبەت لەرێگەى وێبناری زووم بۆ بڕیاردان لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچونى خولی سێهەمی هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان بۆ ئۆرگانەکانی دەرەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بەڕێوەچو.

فوئاد جەمال سەلام، رێکخەری ژووری رەوەندی کوردی پێویستى ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌کانی ئۆرگانەکانى رەوەندى کوردى رونکردەوە لەچوارچێوەى راسپاردەکانى دوهەمین کۆنفڕانسى نیشتمانى و بڕیارى جڤاتى نشیتمانیدا و میکانیزمه‌ پێشنیازکراوەکانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی گۆشه‌کانى خستەڕو، بە ئامانجى تەواوکردنى پڕۆسەى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و چالاککردنەوەى ئۆرگانەکان و دوبارە رێکخستنه‌وه‌یان، هاوکات بەرچاوڕونى دا لەبارەى دوایین ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردنی ناوخۆیی و هەوڵەکانى خۆڕێکخستنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ قۆناغى نوێ. 

هاوکات چۆمان محەمەد، ڕێکخەری ژووری یاسایی ئاماژەى بە شێوازى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کرد و ئامادەیی ژووری یاسایی دەربڕی بۆ هەر هاریکاییەکی یاسایی هەردوو ژووری رەوەند و هەڵبژاردن لە پرسە یاساییەکان و چاودێریکردنى پڕۆسەکە و شێوازی هەڵبژاردنەکان و وردبینی یاسایی بۆ پڕۆسەکە رونکردەوە.

لاى خۆیەوە یاسین حمەعەلی، سەرپەرشتیارى ژووری هەڵبژاردن، میکانیزمی هەڵبژاردن و هەنگاوەکانی پرۆسەکەی بۆ ئامادەبوان رونکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئۆرگانەکانی دەرەوە  بە سێ قۆناخ ئەنجامدەدرێت لە هەڵبژاردنی دەستەی بازنەکان و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری وڵات و هەڵبژاردنی بەرپرسی گۆشەکان.

ئامادەبوانی کۆبونەوەکە سەرنج و پێشنیازەکانیان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان و نوێنەرایەتى رەوەندی کوردی بۆ جڤاتی نیشتمانی خستەڕو، جەختیشیان کردەوە کە هەوڵەکانى خۆیان چڕ دەکەنەوە بۆ سەرخستنى پڕۆسەکە و رێکخستنەوە و چالاککردنەوەى کارەکانى ئۆرگانەکانی دەرەوەى بزوتنەوەی گۆڕان.


هەواڵی زیاتر