لیژنەی باڵا بۆ دژایەتی گەندەڵی پێكدەهێنرێت
23/04/2019
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛
بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵا پێكدەهێنرێت.
ئەمڕۆ دوشەممە (22/4/2019) عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی
كوردستان بە (سبەی) راگەیاند؛ لیژنەكەیان
بانگهێشتی دەستەی دەستپاكی كردوە بۆ پەرلەمان بۆ خستنەڕوی وردەكاریی راپۆرتی ساڵی (2018)ی
دەستەی دەستپاكی سەبارەت بە دۆسیەكانی گەندەڵی لە هەرێم.
وتیشی: لیژنەیەكی باڵا بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی پێكدەهێنرێت
و لە كابینەی نوێی حكومەت و لە چوارچێوەی ئەنجامدانی چاكسازی، كەیسەكانی گەندەڵی هەڵدەدەنەوە.
رونیشیکردەوە، لە كۆی (800) كەیسی گەندەڵی كە دەستەی دەستپاكی
بەدواداچونی بۆ كردوە، تەنها (130) كەیس دراونەتە دادگا، بەهۆی گەندەڵیشەوە (35) كەس
دەستگیركراون كە ژمارەیەكیان بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون، لە كاتێكدا لێبوردن نەیدەگرتنەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین كەیسی گەندەڵی لەسەر بەرپرسە پلەباڵاكان، تۆماركرابون،
بەڵام لەلایەن دادگاكانەوە، كەیسەكان داخراون و دوو لە دادوەركانیش سزادراون.