ئەنجومەنى قەزاى کفری گۆڕان: شێلگیرتر دەبین بۆ ئەوەی تەواوی ئەو بەڵێنانەى بە ئێمە و خەڵکى شارەکەمان دراوە جێبەجێ بکرێن

10/07/2024

ئەنجومەنى قەزاى کفری بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵیادی مانگرتنە جەماوەرییەکەی خەڵکى قەزاکەدا رایدەگەیەنێت؛ لەدوای (٣٤) رۆژ لەمانگرتن کە خەباتێکی مۆدێرینی مەدەنی بوو سەلماندمان هەموومان بەیەکەوە ئامانجمان تەنها خزمەتە و پێکەوە ئەنجامى دڵخۆشکەر و دەستکەوتمان دەبێت.

دەشڵێت: کۆڕایی هەموومان و تەنها لە پێناوی شارەکەمان وایکرد کە حکومەت و هێزەسیاسیەکان لەسەر ئاستی باڵا بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئاوڕێک لەم قەزا هەرە دێرینەی کوردستان بدەنەوە، هەرلەسەرەتای ئەم مانگرتنە جەماوەرییە ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان و تیمە وزاریەکەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی دەستپێشخەر بووین بۆ  بەدەمەوەهاتنى مانگرتوان و خۆپیشاندەران و خەڵکى بەشمەینەتى کفرى، بەشێوەیەک لەیەک هەفتەدا سێ وەزیری تیمەکەمان لەحکومەت سەردانی خێوەتی مانگرتوانیان کرد بە هەگبەیەک لە پڕۆژە و ئاوردانەوە لە کفری و دواتریش سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەدەم داواکاری مانگرتووانەوە هاتن.

دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەى سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هاوکار و پشتیوانی مانگرتووان بوون، جەخت دەکەینەوە کە ئێمە لەم ساڵیادەدا شێلگیرتر و ڕژد دەبین بۆ ئەوەی تەواوی بەڵینەکان جێ بەجێ بکرێن و ئەم شارەی ئێمەش هاوتای شارەکانی تری کوردستان خزمەتی زیاتر بکرێت

دەقى راگەیەندراوەکە:

هاوشارییانی کفری خۆشەویست
گەرمیانیانیەتێکۆشەرەکان
ئەمڕۆ ١٠ ی تەمموز  ساڵیادی یەکەمی مانگرتنە جەماوەرییە سی و چوار ڕۆژییەکەی شاری کفریە ، کە ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری و گەنجە بوێرەکان و زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی بەشمەینەتی شارەکەمان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی و پرۆژە و هەلی کار و ئاوەدانکردنەوەی پیرە شارە دێرینەکەی کوردستان ، بەو گەرما تاقەت پڕۆکێنە بەدەنگی زوڵاڵ  داوای کار و پرۆژەمان کرد بۆ شارەکەمان ، لەدوای ٣٤ رۆژ لەمانگرتن کە خەباتێکی مۆدێرینی مەدەنی بوو سەلماندمان هەموومان بەیەکەوە ئامانجمان تەنها خزمەت کردنی ئەم شارە بێناز و فەرامۆشکراوەی باشوری کوردستانە کە مەترسی چۆڵبوون و   گۆڕینی دیمۆگرافیای لەسەر بوو.

کۆڕایی هەموومان و تەنها لە پێناوی شارەکەمان وایکرد کە حکومەت و هێزەسیاسیەکان لەسەر ئاستی باڵا بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئاوڕێک لەم قەزا هەرە دێرینەی کوردستان بدەنەوە، هەرلەسەرەتای ئەم مانگرتنە جەماوەرییە ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان و تیمە وزاریەکەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی دەستپێشخەر بووین بۆ هاتنە دەمەوەی مانگرتوان و لەیەک هەفتە سێ وەزیری تیمەکەمان لەحکومەت سەردانی خێوەتی مانگرتوانیان کرد بە هەگبەیەک لە پرۆژە و ئاوردانەوە لە کفری و دواتریش سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەدەم داواکاری مانگرتووانەوە هاتن و بەشێک لەداواکارییەکانی مانگرتوان جێبەجێکران کە دەستکەوتی مەعنەوی و وەگەڕخستنەوەی پرۆژە و هێنانی سەرۆکایەتی زانکۆ و قیرتاوکردنی ڕیگاوبانەکان و هتد دەگرێتەوە.
ئێمە لەم ساڵیادەدا شێلگیرتر و ڕژد دەبین بۆ ئەوەی تەواوی بەڵینەکان جێ بەجێ بکرێن و ئەم شارەی ئێمەش هاوتای شارەکانی تری کوردستان خزمەتی زیاتر بکرێت . لێرەوە سوپاسی هەموو ئەوانە ئەکەین کە هاوکار و پشتیوانی مانگرتووان بوون و دەستی ماندووبنی هەموو مانگرتووێک و  گەنجەکان و هاوڵاتیانی شارەکەمان ئەگوشین کە پێکەوە هەموومان خەمی شار کۆیکردینەوە و لەئەنجامدا کفری سەلماندی شارێکی رۆشنبیر و هەقبێژە ستەم و نادادی قبوڵ ناکات و بەئارامی و تێکنەدانی تەونی کۆمەڵایەتی مافەکانی بەدەست دێنێت .
لەگەڵ ڕێزدا
بزوتنەوەی گۆڕان
ئەنجوومەنی قەزای کفری
١٠ ی تەمموزی ٢٠٢٤


هەواڵی زیاتر