ئەنجوومەنی قەزای کفری گۆڕان: كفری (١٧١) ساڵە قەزایە، بەڵام كەمترین خزمەت كراوە

21/11/2024

ئەنجوومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان لە (١٧١)هەمین ساڵیادی بەقەزابوونی شارەكەدا لەگەڵ پیرۆزبایی لە خەڵكە تێكۆشەر و قوربانیدەرەكەی، رایدەگەیەنێت؛ بەداخەوە لەسەر دەستی حكومەت و دەسەڵاتی كوردی کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش خەڵك و شارەكە کراوە و "بەهۆی تاکڕەوەیی یەک لایەنی سیاسی و ململانییی ناوخۆیی کەمترین خزمەتگوزاری و پڕۆژە بۆ كفری کراوە و گەنجەکانی بێبەشن لە هەلی کار و دامەزراندن، بۆیە ئەرکی سەرەكی حکومەتە خزمەتی ئەم شارە فەرامۆش کراوە بکات".

دەقی راگەیەندراوەكە بەبۆنەی ١٧١ یەکەمین ساڵیادی بەقەزابوونی شاری کفری لەلایەن مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕانەوە:

دانیشتووانی شاری کفری خۆشەویست
لە یادی ١٧١ ساڵەی بە قەزابوونی شارەکامان بەناوی ئەنجوومەنی قەزای کفری گەرمترین پیرۆزبایتان ئاراستە دەکەین. کفری پیرە شاری دێرینی گەرمیان و کوردستان کە مێژووەکەی وەک ڕەگ و ڕیشەی دار کەنارەکان دامێنی باوەشاسوار ڕەگی داکوتاوە، لە مێژووی دێرین و نوێ هەمیشە شارێک بووە خاوەنی خەبات و قوربانی و شۆڕش و نوێگەری لە شیعر و ئەدەب و هونەر و کەلتوور و پێکەوە ژیان، پێشەنگی بەرپەرچدانەوەی ڕێژێمە داگیرکارییەکانی عیراق بووە و لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچووی بەعسیش هەمیشە رۆڵی سەرەکی گێڕاوە بۆ بە گژاچوونەوەی زوڵم و ستەم و سیاسەتە دیكتاتۆرییەكانی رژێمی لەناوچوو، بەوهۆیەشەوە باجی گەورەی داوە و لە کەرکوکی دایک جیاکرایەوە.
ئەم شارە كە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ەوە ئازادکراوە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش کراوە و بە هۆی تاکڕەوەیی یەک لایەنی سیاسی و ململانییی ناوخۆیی کە هەموو جومگەکانی حوکمڕانی ئەم شارەی بەدەستە لە سێ دەیەی ڕابردووە و کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش کراوە و گەنجەکانی بێبەشن لە هەلی کار و دامەزراندن و کەمترین پرۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەش کراوە و کە ئەرکی سەرەتایی حکومەتە خزمەتی ئەم شارە فەرامۆش کراوە بکات.
لەم یادەدا پیرۆزبایی تەواوی خۆمان  ئاراستەی دانیشتووانی شارەکەمان و تەواوی هاوشارییەکانمان دەکەین کە لەشارەکانی تری کوردستان و عیراق و تاراوگە دەژین .
دووبارە پیرۆزە

ئەنجوومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان
٢١/١١/٢٠٢٤


هەواڵی زیاتر