فراکسیۆنی گۆڕان: بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر دۆسیەی تاریقی بەقاڵ ناکەین

29/04/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، پاڵپشتی فراکسیۆنەکەی و بزوتنەوەکەی بۆ کەسوکاری تاریقی بەقاڵ دوپاتکردەوە و رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئەو دۆسیەیە ناکەن.

ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان پێشوازییان کرد لە کەسوکاری تاریقی بەقاڵ کە ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر لەلایەن باندێکەوە رفێنرا و بەناحەق کوژرا و دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.
عەلی حەمەساڵح بە کەسوکاری قوربانییەکەی راگەیاند: لەیەکەم رۆژەوە رامانگەیاندوە ئەو دۆسیەیە، بە دۆسیەی خۆمان دەزانین و بەهیچ شێوەیەک قابیلی پەردەپۆش کردن نییە، چونکە ئەوە دۆسیەی کەسی و خێزانێک نییە، بەڵام دۆسیەی گشتی و هەمو خەڵکی کوردستانە.
وتیشی :"بیرکردنەوە لە ئازادکردن و سوڵحی عەشایەری ئیهانەکردنە بە خەڵکی کوردستان، ئێمەش وەک نوێنەرانی خەڵک قبوڵی ناکەین و رێگانادەین هیچ سیاسییەک لەهەر ئاست و بەرپرسیاری و حیزبێکدا بێت دەستوەردان لەو دۆسیەیە بکات".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەختی کردەوە؛ تاوانەکە دوجار زیاد دەبێت ئەگەر بیر لە دەربازکردن و ئازادکردنی تۆمەتبارەکان بکاتەوە، لە زیندانیش چاودێریی دۆسیەکە و تۆمەتبارەکان دەکەین".

عەلی حەمەساڵح رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشیی لەم دۆسیە ناکەین و بەرپرسین لێی، هەر کارێک پێویست بێت ئەنجامی دەدەین، لە دابینکردنی پارێزەر یان هەر کارێکی دیکە.

لەبەرامبەردا کەسوکاری قوربانییەکە رایانگەیاند: دوای روداوەکە و دەستگیرکردنی تاوانبارەکان، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بوە و هەست دەکەن بەردەوام چاودێریی دەکرێن، لەکاتێکدا کەسوکارەکەیان بە ئازادانە بەبەرچاویانەوە دێن و دەچن.

سوپاسی هەڵوێستی فراکسیۆنی گۆڕانیان کرد و رایانگەیاند: چاوەڕوانین بە جدی و حەماسەتەوە پاڵپشتمان بن لە بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەو دۆسیەیە.


هەواڵی زیاتر