راگەیەندراوی ئەنجومەنی قەزای کفری لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا

14/04/2025


هاونیشتیمانیانی خۆشەویست ..
گەرمیانیە تیکۆشەرەکان ..
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەنفال ..

ئەمڕۆ ٢٠٢٥/٤/١٤، کە ئەکاتە سی و حەوتهەمین ساڵیادی شاڵاوی نەگریسی ئەنفال ، کە دڕاندانەترین تاوان و بەرفراوانترین شاڵاوی ناسراو بەئەنفالی سێ  لەناوچەی گەرمیان و ئاواییەکانی سنووری کفری و کەلار و دووزخورماتوو بوو.

لەم تاوانە نەگریسەی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی سەدام دەرهەق بەخەڵکی سڤیلی کوردستان و گەرمیان بەتایبەتی هەزاران پیر و ژن و مناڵ و گەنج بوونە قوربانی ئەم تاوانە قێزەونەی دەرهەق بەمرۆڤایەتی و هەزاران ئاوایی خاپوور بەتەختی ئەرزکران ، ئەنفال بووە وانەیەک بۆ بەرخودان و هەستانەوە و بەگژاچوونەوەی ستەم و نادیدی و وانەیەک کە خەباتی پارتیزانی و ڕاپەڕین و هەڵبژاردن و پەرلەمانی کوردستانی لێ بەدیهات . 

گەرمیانیە تیکۆشەرەکان ..
تاقانە و نەوە و کەسوکاری سەربڵندی ئەنفال کراوەکان ..

ئێمە لەو ئازارە بەسوێییەی ئێوە تێدەگەین و ئەزانین هەرچی سامانی دونیا هەیە ناگاتە ئەوەی گۆڕی ئازیزێکمان لەنزیکی خۆمان نەبێت و سەبوری دڵمانی لا باس بکەین ، ئێستاش گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عەرعەر و سەماوە و بیابانەکانی ناوەڕاست و باشوور پڕن لە ڕوفاتی پیرۆزی کەسوکارە سەربەزەکانمان، واجبی سەرشانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی فیدراڵە بۆ گەڕانەوەی روفاتی پیرۆزیان بۆ باوەشی خاکی نیشتیمان و خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکان ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە. ئەنفال دەبێت بکرێتە وانەی بەخۆداچوونەوە و گوێ لەیەکگرتن و یەکتر قبوڵکردن ، وانەیەک نەوە لەدوای نەوە لەبیری نەکەین ، پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان خزمەتی زیاتر بە ئاواییەکانی کوردستان و گەرمیان بەتایبەتی بکەن ، چونکە تا ئێستا ئەو چۆڵەوانییەی ئەنفال دروستی کرد و خزمەتی ئەوتۆنەکراوە خەڵک بگەڕیتەوە و ژیان دروست بکاتەوە.
لە کۆتایدا ، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال، نەفرەت لەوانەی بەشداری شاڵاوی کوردکوژی بوون ، بەڵێ بۆ سزادانی جاش و مستەشار و ئەنفالچیەکان .

بزوتنەوەی گۆڕان 
ئەنجوومەنی قەزای کفری
٢٠٢٥/٤/١٤


هەواڵی زیاتر