بزوتنەوەی گۆڕان بەتیمێک بەشداری لەکۆنفرانسی گۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کرد
27/05/2025
(یەکڕیزی و تێکۆشان بۆ ئازادی هەر چوار پارچەی کوردستان زامنی سەرکەوتنە)
کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان لە بیست و سێیەمین کۆنفرانسی خۆیدا، جڤاتى گشتى و هاوسەرۆکانى کەنەکەى هەڵبژارد، لە وتارى بزوتنەوەى گۆڕانیشدا، جەخت لە یەکڕیزى و یەکگرتویى نەتەوەیى کرایەوە بەرانبەر هەر داگیرکارییەک بۆ سەر کوردان.
رۆژى (٢٤،٢٥)ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی بارلۆی لەوڵاتی هۆڵەندا بە بەشدارى نزیکەى (300) کەس لە ئەندامانى کۆنگرە ٢٣ هەمین کۆبونەوەى جڤاتى گشتى ئەنجامدا و لە دوهەمین رۆژدا هەڵبژاردن بۆ هاوسەرۆکانى کەنەکە و ئەندامانی کۆنسە ئەنجامدرا.
هەریەکە لە زەینەب موراد و ئەحمەد قەرەموس کاندید بون، بە هاوسەرۆکانی نوێی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەڵبژێردران.
زەینەب موراد، لە کوردانی فەیلییە و نزیکەی (20) ساڵ زیاتر کاری راگەیاندنی کردوە و دو خولیش ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەنەکە بوە، هەرچی ئەحمەد قەرەموسە سیاسەتمەدارێکی دیاری باکوری کوردستانە و لە دایکبوی شاری ئامەدە.
لە کۆنفرانسەکەدا تیمێکی بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارى تێداکردو، فوئاد جەمال ڕێکخەری ژووری ڕەوندی کورد، وتارى بزوتنەوەى گۆڕانى پێشکەشکرد و جەختی کردەوە، لەسەر پێکەوە کارکردن و یەکڕیزیی و یەک دەنگی بۆ سەرکەوتنی بەرنامە و کاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و بەهێزكردنی کەنەکە، هەروەها تیشكی خستە سەر پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا و تەواوی دۆزی کورد لە ناوچەکە و پەیام و پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕانی گەیاندە بەشداربوانی کۆنگرەکە.
لاى خۆیانەوە تیمی بەشداربووی بزوتنەوەی گۆڕان لەدیدارو گفتوگۆکانیان ئاماژەیان بە دۆخی ئێستای کوردستان کرد کە ناوچەکە بەگشتی و دۆزی کورد بەتایبەتی بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە یەک دەنگ و یەکگرتوبین بۆ روبەڕوبونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێک بەتایبەت لە لەکاتێکدا کە دڵسۆزانی کورد بۆ بەرگریی کردن لەمافەکانی کورد بە هەمو توانایانەوە بەردەوامن لە قوربانیدان دژ بە داگیرکاران و پێویستە بە هەمولایەکاکمان پشتیوانی لە دۆزی گەلی کورد بکەین.
لە رۆژی دوەمی کۆنگراکەدا دەیان کەسایەتی و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان سەرنج و بۆچونی خۆیان سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان بەگشتی و رۆژئاوا بەتایبەتی بۆ ئامادەبوان خستە ڕوو وە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنسەی بەڕیوەبەری هاتە هەڵبژاردن و {میران ساڵح} بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان وەك ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە هەڵبژێردرا.