بزوتنەوەی گۆڕان: بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیارێکی سیاسیە
03/07/2025
ئەمڕۆ پێنجشەممە (٣ی تەموزی ٢٠٢٥)، کۆبونەوەی ئاسایی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە سەرپەرشتی ڕێکخەری گشتی، لە مەکۆی سەرەکی لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم بەتایبەت بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکارییە ڕێکخراوەییەکانی بزووتنەوەکە، سێ تەوەری جێ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی کۆبونەوەکە بوون.
لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی، لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییە هەرێمایەتیەکان و ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەستەی کرد، لەو چوارچێوەیەدا کاردانەوەی ئەو هەلومەرجانەی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان باس کرد، بەشێوەیەک ململانێکان بەردەوامیان دەبێت و ئەرکی هەموانە هەرێمی کوردستان لەو کێشمەکێشمە سیاسی و ململانێ هەرێمییە بێلایەن بهێڵنەوە و خاک و خەڵکی کوردستان لە مەترسیەکان بپارێزین.
کۆبونەوەکە، کە بە بەشداری ژمارەیەک لە باژێڕوان و ڕێکخەری ژورەکان و سەرپەرشتیاری مەکۆ و نوێنەرانی جڤاتی گشتی بەڕێوەچوو، جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەردوو حکومەتدا، بەتایبەت بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وەک بڕیارێکی سیاسیی و نادەستوریی دژی خەڵکی کوردستان هێنرایە زمان، لەو سۆنگەیە و بە لەبەرچاوگرتنی بارگرانی ژیانی فەرمانبەرانی هەرێم داواکرا چارەسەری ئەم کێشەیە لەسەر بنەمای دەستور و قانون و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکرێت و چیتر مووچە نەکرێتە کارتی سیاسیی و خەڵکی کوردستان باجی کێشەکان بدات، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێمیش بەرپرسیارە لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و دابینکردنی شایستەی داراییەکان.
لەبارەی دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەکە بڕیاری پێویستی لەسەر هەموو ئاستەکانی کاری سیاسیی، ڕێکخراوەیی، دامەزراوەیی، کارگێڕی و میدیایی بۆ قۆناغی داهاتوو دا، بەشێوەیەک لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەیوەندیدا دەبن بۆ لابردنی ئاستەنگە قانونی و سیاسیەکان، لەلایەکی دیکەش هەموو ئۆرگانەکان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕێکدەخرێنەوە و هاوشانی ژورەکان و ئۆرگانەکانی دیکە بەکاری ڕێکخراوەیی هەڵدەستن و کار بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە دروستکراوەکان و بەهێزکردنەوەی ڕایەڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و هاونیشتمانیان دەکەن.
فۆتۆ: بڕیار نامیق