گۆڕان هەنگاوێكی دیکە لە ئامانجەكەی نزیك بوەوە
09/05/2019
بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان، بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوێكی تر لە ئامانجەكەی نزیك بوەوە كە سیستمی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان ببێتە پەرلەمانی و سەرۆكی هەرێم لەژێر چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەماندا بێت.
دواجار بزوتنەوەی گۆڕان یەكەم ئامانجی بەدەستهێنا و سەرۆكی هەرێم بەپێی هەمواری پرۆژەیاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان هەڵدەبژێرێت، ئەوەش ئەو ئامانجە بو كە هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان كاری بۆ دەكرد كە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان ببێتە سیستەمێكی پەرلەمانی.
ساڵی (2013) كاتێك ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم درێژكرایەوە بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوەتی دژی ئەم هەنگاوە نایاساییە بو.
لە ساڵی (2015)ش كە ماوەی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، بزوتنەوەی گۆڕان كە سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوە بو ئامادەبو هەمو شتێك بكات بەقوربانی لەپێناو ئەوەی
سیستەمی حكومرانی ببێت بە پەرلەمانی و سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان هەڵبژێرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان كە شەڕی ئەوەی دەكرد سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت بە یەك ئامانج بو ئەوش ئەوەیە سەرۆكی هەرێم لەژێر چاودێری پەرلەماندا دەبێت، بەپێچەوانەوە
لەدۆخێكدا كە سەرۆك لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت خۆی لەسەرو پەرلەمانەوە دەبینێت و ناكەوێتە ژێر چاودێری پەرلەمانیەوە و پێی وایە ئەو شەرعیەتی راستەوخۆی خەڵكی هەیە
و ناكرێت پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات.
هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەمو رێگاكە نیە و هەنگاوی یەكەمە بۆ چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی، بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەوە باش دەزانێت و تۆپەكەی خستۆتە گۆڕەپانی هەمو هێزەكانەوە كە لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا بەتەواوی سیستەمەكە بكەن بە پەرلەمان و تێیدا سەرۆك لەپەرلەمان هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی بێت.
بزوتنەوەی گۆران بەو هەنگاوە سەلماندی كە شەڕی کەسەکان ناكات و شەڕی گۆڕان گۆرانكارییە لە سیستەمی حكومرانی و سەروەری یاسا، هەروەها دەرکەوت کە گۆڕان ژمارەی كورسیەكانی هەرچەند بێت و لەهەر پێگەیەكدا بێت دەستبەرداری ئامانجەكانی نابێت،
ئەوەی لای بزوتنەوەی گۆران دەگۆڕێت تاكتیكە، بەپێچەوانەوە ئامانجەكان نەگۆڕن.