وتاری دامەزاوەی گەنجانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیداری گۆڕانخوازاندا

20/09/2025

دەقی وتارەكە كە لەلایەن بێستون شەهید جەبار پێشكەشكرا:

 

بەناوی خوادی بەخشندەی میهرەبان
بەشداربوانی دیداری گۆڕانخوازان
گەنجانی دڵ پڕ هیوای کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان و گەنج 

گەنج داینەمۆ و بزوێنەری کۆمەڵگەیە، بەبێ ووزە و کارایی گەنج پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگە و دەوڵەتەکان کەم کاریگەر و سست دەبێت. چونکە گەنجێتی پر بەهاترین قۆناغە لە ژیانی مرۆڤەکاندا، بەهۆی بوونی توانا و هێزی لەبن نەهاتووییەوە گەنجان  هیوای گەورە و سەرمایەی کۆمەڵگەن، ئەگەر بەشیوەیەکی دروست سودیان لێوەربگیرێت.

لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، گەنجان پێشەنگن و باشترین دەستەبەری کۆمەڵایەتیان پێشکەش کراوە، لەکەرتی تایبەت و گشتی دا هەلی کار و دامەزراندن و تەندروستیان بۆ فەراهەمکراوە.

بزوتنەوەی گۆڕان یەکێکە لە هێزە ڕچەشکێنەکان، کە داهێنەری ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداری سیاسییە بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی باڵای ئەم ووڵاتەدا، چ لەپەڕمان، حکومەت یان کاروباری ناوخۆی حزب و هەموو دامەزراوە و وەزارەتە جۆر بەجۆرەکان وەبە ئاوڕدانەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو 

بەداخەوە؛
ڕاستە بەشێک لەگەنجەکان موەفەق نەبوون لە پێدانی متمانە و ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتی دا و بەشێکیان وازیان لە بزوتنەوەکە هێناو وەفایان بۆ ڕابردووی خۆیان نەبوو، بەو ڕاستیەشەوە تا ئەم ساتە سەرەڕای ئاستەنگەکانی بەردەمی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ساتێکیش پاشەکشەی لەو پرەنسیپ و بنەمایانەی خزمەت بەتوێژی گەنج دەکا نەکردووە، بەردەوام گەنجان لە هەردوو ڕەگەزەکە جێ بایەخی دامەزراوەکانی بزوتنەوەکە بوون.

بەڕێزان…
دەسەڵات و حکومەت لەهەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە مافە سەرەتاییەکانی گەنجان دابین بکات، کەچی بەردەوام ئەم توێژە تۆمەتبار دەکات بە نەبوونی ئینتیما و دڵبەندی بۆ خاک و نیشتمان، سەرەڕای ئەوەی چەندین قەیرانی کۆمەڵایەتی تایبەت بەگەنجان هەیە، تائێستا بەشێوەیەکی ڕوون نەخراوەتە کارنامەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانەوە، تا ئێستا پرسیاری جدی نەکراوە سەبارەت بەوەی بۆچی کانگای ئومێد و خەوبینین لای گەنجانی ئەم ووڵاتە بەرە و وشکبوون دەڕوات؟ بۆچی ئاسۆیی ڕوانینی ئایندەیان بەئەندازەیەک لێڵە کە تاکە ئومێدی زۆربەیان جێهشتنی ئەم هەرێمەیە؟ تائێستا پرسیاری جدیی نەکراوە سەبارەت بە هۆکارەکانی دیاردەی پێکنەهێنانی خێزان، توندوتیژی خێزانی، بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و داڕمانی پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان.

ئامادەبوانی خۆشەویست…
یەکێک لە خەمە سەرەکییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دواندن و دروستکردنی کەشێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لەبارە بۆ گەنجان تا خۆیان بەزمانی خۆیان لە کێشەکانیان بدوێن و خۆزگە و ئومێد و پڕۆژە تایبەتەکانیان پێشنیار بکەن، لەو چوارچێوەیەدا و بۆ بایەخدانی زیاتر بۆ توێژی گەنجان و دروستکردنی پردی بەهێزی پەیوەندی لەگەڵ لاوان و گەنجان، لە پلانی خۆ ڕێکخستنەوەی ئەرکەکان دامەزراوەی گەنجان دروستکراوە کە: دامەزراوەیەکە لە ڕووی ئۆرگانیەوە بەستراوەتەوە بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە مەبەست و ئامانج لەدروستکردنی پاڵپشتیکردنی توێژی گەنجانی رێکخراو و نارێکخراوی بزوتنەوەی گۆڕانە لە ڕێگەی دابینکردنی سەرچاوە، بە ڕێگای ڕێنمای کردن، پەروەردە و فێرکردن، و پشتیوانی کردنیان بۆ بەهێزکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان، داکۆکی کردن لە بەدەستهێنانی مافەکانیان.

گەنجان: گروپی بەئامانجگیراوی کاری دامەزراوەکەن لەهەردوو رەگەزی نێر و مێ کە دەکرێت لەناو ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان یان لەدەرەوەی بزوتنەوەکە کاربکەن.

بەڕێزان…

لەکۆتاییدا؛
ئێمە بەتوندی دەست بە نیشتمان وئینتما بۆ کوردستانەوە دەگرین، و داواکارین هەمووان بەگیانی بەرپرسیاریەتیەوە لەخەمی بەرژەوەندییە باڵاکان و ئامانجە باڵاکاندا بین، لەو ڕوانگەیەوە دەرگای دڵ و دەروونی خۆمان بۆ گەنجان دەکەینەوە و داواکارین بفەرموون پێکەوە خزمەتی نیشتمان و کوردستان و بەهێزکردنەوەی پایە دیموکراسیەکانی هەرێم بکەین.

کوردستان ئاوەدان و ئێوەش شاد و سەرکەوتووبن


هەواڵی زیاتر