وتاری جڤاتی نیشتمانی بۆ (دیداری گۆڕانخوازان)

20/09/2025

دەقی وتارەكە كە لەلایەن كاردۆ محەمەد پێشكەشكرا:

گۆڕانخوازان... هەڵسوڕاوان.... ئامادەبوانی بەڕێز 
بەناوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پیرۆزبایی دیداری گۆڕانخوازانتان لێدەکەین. 
 کۆبونەوەی ئەمڕۆ بۆ هەڵدانەوەی لاپه‌ره‌یەکی نوێیە، لە رێرەوی بزوتنەوەکەمان، دوای ئەزموونێکی پر لە ئاڵنگاری و هاوکات بەئازارو کێشەی نەخوازراوی سیاسی و یاسایی، بەڵام ئەزموونەکە ئیرادەی لاواز نەکردووین، بەڵکو هێزی خۆراگڕی پێ بەخشین. هۆشیاری قوڵکردینەوە. لەوە تێگەیشتووین، کە بەرپرسیارێتی مێژوویی گەورەمان لەئەستۆیە. گۆڕانکاری بە دروشمی تێپەرو هاکەزایی ڕوونادات، بەڵکو پرۆژەیەکی درێژخایەنە و ڕوانینێکی ڕوون و راشکاو و بەرگەگرتنێکی ستراتیژی دەوێ. ئەمەش بەبێ رێکخستنێکی تۆکمەو پشتیوانی جەماوەریی ئاسان نیە . 
لەم هەل‌ومەرجە پڕ لە قەیرانەدا بەئیرادەیەکی لە شکان نەهاتوەوە ڕایدەگەینین؛ 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، شاهید حاڵی درێژترین تەمەنی حکومەتی کاربەڕێکەر و ناکاراترین خولی پەرلەمان و دەزگا یاسایی و چاودێرییەکانین، سەرەڕای ئاستی نزمی دابینکردنی مافە سەرەتایی و خزمەتگوزارییەکان، کەچی بینەری شەقامێکی ناڕازی، بەڵام کپ و بێدەنگین! 
بەشی گەورەی ئەم ڕاستییە تاڵانە دەگەڕێتەوە بۆ پاشەکشەی کاتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی ڕابردوودا، جگە لەوەی دەرخەری ئەو ڕاستییەشە، کە هێز و لایەنە سیاسییە ناڕازییەکان پەرتەوازەو لاوازن، ناتوانن ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕ بکەنەوە، کە هاتووەتە ئاراوە. 
بۆیە پێویستە ڕەوایەتی بە دەزگاو دامەزراوە یاسایی و ڕەقابییەکان بدرێت و بەشێوەیەکی سەربەخۆ و سەروەرانە کارەکانی خۆیان بکەن. 
هاوکات بێ دەنگ نابین لە هەر بەرتەسکردنەوەیەکی کاری سیاسی و مەدەنی و ئازادییە گشتییەکان و دەمانەوێت ئومێد و متمانە بۆ خەڵک بگێڕینەوە. 
لەسەر ئاستی عێراقیش چاوەڕێ دەکرێت جارێکی تر بچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەداخەوە...سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردن کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە و بڕیارەکان لەژێر هەژمونی سیاسی دایەو بزوتنەوەکە، لە ڕێگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بێ بەشکرا. 
بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە، هیچ ئاستەنگێک بزوتنەوەکە ڕاناگرێت و بە هیمەتی ئێوەی گۆڕانخوازان ئەم قۆناغە دەکەین بە قۆناغێکی ڕاگوزەر و دەیگۆڕین بۆ دەرفەتێک و بناغەی خۆڕێکخستنەوەی لەسەر بینا دەکەین. 
ئەوەی گرێدراوی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان پێداگرین لە جێبەجێکردنی دەستورو یاساکان، جا بۆ پرسی خاک بێت وەک کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی درەوەی هەرێم، یا هەر ماف و شایستەیەکی سیاسی و مەدەنی و ئابوری بێت، کە کورد لە چوارچێوەی عێراقدا هەیەتی، پێداگرین کە نابێت چارەنوسی گەلی کوردستان گرێبدرێت بە بەرژەوەندی لایەن یان چەند لایەنێکی سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵکو بەپێچەوانەوە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان وابەستەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن. 
لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش؛ ئەم بزوتنەوەیە چۆن لە زەرورەتێکی نیشتمانیدا هاتووەتە ئاراوە و بە ستراتیج و بەرنامەی ڕابردوویەوە، وەک هێزێکی نیشتمانی و پشتیوان لە پرسە نیشتمانییەکان بە هەمان ڕێباز بەردەوام دەبێت. 
بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردستانیانەوە لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و هەل‌ومەرجی ئێستای سوریا، پرسی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دەڕوانین، هیواخوازین ئەو ناسەقامگری و جەمسەرگیرییانەی لەسەر ئاستی ناوچەکە دروست بووە، بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان لە پێشینەی بەرژەوەندی هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکان بێت. 
لە کۆتاییدا دەمانەوێت ئاماژە بەوە بدەین؛ هەروەک چۆن نەوشیروان مستەفا وتی؛ ئەم بزوتنەوەیە بەمردن یان بە لاچونی سەرکردەیەکی یان بەشێک لە سەرکردەکانی، بەردەوام دەبێت. 
بە ئەزمون سەلماندوویەتی تەنانەت سزای بەرفراوانی کادر و هەڵسوڕاوەکانی، سەرەڕای هەموو فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لەناونەچووەو بەپێوە ڕاوەستاوە، بە هەوڵ و پشتیوانی گۆڕانخوازان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە، دوور لە تەوریسی سیاسی و نەریتخوازی، نەخشە ڕێگای خۆرێکخستنەوەو بنیاتنانەوەی لەسەر بنەمای ئۆرگان و دامەزراوەیی، شەفاف و دیموکراسییانە، کە ئیرادەی گۆڕانخوازانی تێدا بەرجەستەیە لەسەر بنچینەی ڕێکخستنێکی هاوچەرخ داڕشتووە، بە پارستنی جیاوازییەکان و بەدامەزراوەییەوە پرۆژەکەی بەردەوامی پێدەدات. 
پێکەوە .....لەپێناو گۆڕان و گۆڕانکاری  
پێکەوە..... لەپێناو ئایندەیەی گەش بۆ کوردستان . 

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان 
20/9/2025 


هەواڵی زیاتر