جڤاتی گشتی گۆڕان كۆبوهوه
27/05/2019
جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە و تاوتوێی دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە دەكات، رێكخەری گشتی گۆڕانیش داوادەكات عێراق و هەرێم نەبنە بەشێك لە ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران.
رۆژی یەکشەممە، بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جڤاتی گشتی گۆڕان كۆبوەوەو ناوەرۆکی کۆبونەوەکەش دو تەوەری سەرەکی لە خۆدەگرێت.
د. رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند؛ جڤاتی گشتی لەتەوەری یەكەمدا گفتوگۆدەكات لەبارەی دۆخی سیاسی و هەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەناویاندا توندبونەوەی ململانێ سیاسییەكانی نێوان ئەمهریكا و ئێران و رۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لەو ململانێیەدا.
ئاماژەی بەوەکرد، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان خوازیارە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بێلایەن بن لەكێشەكانی نێوان ئێران و ئەمهریكا.
سەرۆكی جڤاتی گشتی ئەوەی ئاشكراكرد، كە تەوەرێكی تری گفتوگۆكان تایبەت دەبێت بە پرسی خۆڕێكخستنەوە و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان و بەستنی دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان.