هۆڵەندا؛ بەبەشداری بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا دووپاتكرایەوە
15/01/2026
لە شاری ئەمستردامی پایتەختی وڵاتی هۆڵندا، بزووتنەوەی گۆڕان
بەشداری لە خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا کرد بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و مەحکومکردنی
ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب.
لەو خۆپیشاندانەی بەڕێوەچوو، هەوراز بابەجان، بەرپرسی گۆشەی
ناوەندی ئەوروپا و ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارییەکی کارایان تێدا
کرد. ئامادەبووان بە توندی ئەو پەلامارانەیان سەرکۆنە کرد کە دەکرێنە سەر گەڕەکەکانی
(شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) لە شاری حەلەب و هۆشدارییان لەبارەی مەترسیی جینۆسیاید دژی
کوردانی ئەو ناوچانە دا.
خۆپیشاندەران لە ڕێگەی ئەم چالاکییەوە چەند داواکارییەکی
ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، لەوانە:
• نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: داواکرا ڕای گشتی
ئەوروپا و ناوەندە جیهانییەکان بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو تاوانانەی داروودەستەکەی ئەحمەد
شەرع بەرامبەر بە کوردانی حەلەب و ڕۆژئاوا ئەنجامی دەدەن.
• ڕاگرتنی شەڕ: داواکرا دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر گەڕەکە
کوردییەکان ڕابگیرێن و پرسی کورد بە شێوازێکی مەدەنی و لە ڕێگەی مێزی گفتوگۆوە چارەسەر
بکرێت.
• پشتیوانی ڕەوەندی کوردی: جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە کوردانی تاراوگە
لەم کاتە هەستیارەدا پشتیوانێکی بەهێزی خوشک و براکانیان بن لە هەر چوار پارچەی کوردستان،
بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی نیشتمان.
ئەم خۆپیشاندانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕەوەندی
کوردی و هێزە سیاسییەکاندایە بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی گەلی کورد بە پەرلەمان و
حکومەتە ئەوروپییەکان.