ناوەرۆکی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان
28/05/2019
بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكارییەكانی بۆ قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی دەستپێدەكات و خۆی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە و گۆڕانكاری پەیكەری ریكخراوەی و بەستنی دوەمین كۆنفرانسی نیشتیمانی ئامادەدەكات، ئەندامێكی جڤاتیش دەڵێت: لەمەودوا سیستمی پەیڕوەكردنی دیسپلینی حیزبی دەچەسپێنن و بەسزا و پاداشت مامەڵە دەكەن.
ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند؛ لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانیدا گفتوگۆی باشیان كردوە لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ خۆ رێكخستنەوە و خۆ نوێكردنەوە.
وتیشی: بەوپێیەی لە چەند مانگی رابردودا بزوتنەوەكە سەرقاڵی پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت بوە، هەنگاوەكانی نوێكردنەوە و رێكخستنەوەی گۆڕان دەستیان پێنەكردوە، بەڵام لە ئێستاوە كاری لەپێشینەیان نوێكردنەوەی بزوتنەوەكە و رێكخستنەوەی دەبێت بەئامانجی خۆ ئامادەكردن بۆ قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی.
بەوتەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، بزوتنەوەکە خۆی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و گۆڕانكاری پەیكەری ریكخراوەیی و بەستنی دوەمین كۆنفرانسی نیشتیمانی ئامادە دەكات، جگە لەوەش لەمەودوا سیستمی پەیڕوەكردنی دیسپلینی حیزبی دەچەسپێنن و بەسزا و پاداشت مامەڵە دەكەن.