فراکسیۆنی گۆڕان: بەشێکی خواستەکانمان هێشتوەتەوە بۆ نوسینەوەی دەستور

30/05/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: ئەوەی لە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم جێگیرکراوە بەتەواوەتی خواستی گۆڕان نەبوە، بەشێکی بەجێهێڵراوە بۆ نوسینەوەی دەستور.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانەوە، عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ناکۆکی زیاتری نێوان لایەنە سیاسییەکان، مەترسی زۆر گەورە لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان دروست دەکات، چونکە پلانێک هەیە بۆ چۆڵکردنی ئەو ناوچانە بە ئازاردانی کورد وەک زەمینە خۆشکردنێک بۆ سەرژمێری ساڵی (2020) کە بڕیارە لە
عێراقدا ئەنجام بدرێت.

رایگەیاند: ئەگەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت و لایەنە کوردستانییەکان کۆک
نەبن لەسەر پلانێک ئەوا بەدڵنیاییەوە کورد لەو ناوچانە دەردەکرێت و  ئازار دەدرێت، لە ئەنجامدا لە سەرژمێرییەکەدا
کورد دەبێت بە کەمینەیەکی مەترسیدار.

وتیشی :"بزوتنەوەی گۆڕان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە دوێنی دەستپێشخەرییەکی
کردوە بۆ سەرجەم لایەنە سەرەکییەکان، لەسەر ئاستی کەسی یەکەم، دەبێت کۆبونەوە
بکرێت و چارەسەری کێشەی پارێزگاری کەرکوک و دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچەیە و  سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان، چونکە
بەدڵنیاییەوە ئەمە بۆ مێژو دەمێنێتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان  جەختی
کردەوە؛ ئەو سیاسەت و ململانێیەی ئێستا بەردەوامبێت دوای سەرژمێرییەکە دەردەکەوێت
کورد چەندێک کەمیکردوە لەو ناوچانە و مەترسی هەیە ئەو ناوچانە لەدەستبچن، بۆیە هەمو
شتێک کاتییە و ئەوەی دەمێنێتەوە خاک و نەتەوەیە.

سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش، عەلی حەمەساڵح رایگەیاند:
بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە پێویستە حکومەت لە نزیکترین کاتدا پێکبهێنرێت، بەپێی
ئەو پلانەی بۆی دانراوە دەبێت پێش (20)ی مانگی داهاتو حوکمەت پێکبهێنرێت و
راستەوخۆ پڕۆسە و پرسی چاکسازی بێتە پەرلەمان، کە ئەمە هۆکاری سەرەکی بەشداریی کردنی
بزوتنەوەی گۆڕان بوە لە حکومەتدا.

دەربارەی پرسی چاکسازیی، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: ئەوەی لە ساڵی (2009)ـەوە
باسمان کردوە و لە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی هەیە، بەتایبەتی پرسی خەرجی کە
بریتییە لە موچەی فەرمانبەرانی بندیوار و خانەنشینی سەربازی و وەرگرتنی خانەنیشینی
بە نایاسایی، پرسی دوەم کە یەکێکە لە ئاڵۆزترین پرسەکان کە پەرلەمانتارانی گۆڕان
وروژاندویانە، موچەی خەڵکی کوردستانە.

عەلی حەمەساڵح دوپاتی کردەوە؛ لەگەڵ دەستپێکی حکومەتی نوێ پلانەکە پێویستە
ئەو پارەیەی هەمو مانگێک کە لە بەغدادەوە دێت، لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و
پشتیوانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و لەبەرامبەردا خەرجییەکان ئاشکرا بکرێت، ئەوەش
یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، ئەوەش
پێویستی بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان هەیە چونکە ئەو پڕۆسەی چاکسازییە قورسە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رەهەندێکی
نیشتیمانی هەیە، ئەو ناکۆکییانەی لەسەر پۆستی پارێزگای کەرکوک هەیە هیوادارین چارەسەر
بکرێت و کاریگەریی خراپ دروست نەکات، دوبارە جەخت دەکەینەوە کە خواستی ئێمە هەموی لە
پڕۆسەکەدا جێگیر نەکراوە، بەشێکی هێڵراوەتەوە بۆ نوسینەوەی دەستور کە دەبێت دەستور
بە تەواوفق بنوسرێتەوە، ئەمڕۆش تەواوی فراکسیۆنی گۆڕان پابەندی سیاسەت و بەرنامە و بڕیاری بزوتنەوەکەی کردوە.


هەواڵی زیاتر