تیمی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری (24)ـەمین جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەكات
07/06/2026
بزوتنەوەی
گۆڕان لە كۆبونەوەی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد جەخت پێویستی یەکڕیزی نەتەوەیی، دروستکردنی
هەڵوێست و گوتاری هاوبەش دەكاتەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد و پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێمی
کوردستان و پشتگیری لە مافە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە هەموو پارچەكانی کوردستان
دەكاتەوە.
تیمی
بزوتنەوەی گۆڕان بە بەشدارییەکی چالاک لە 24ەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
(KNK)دا ئامادە بوو کە لەگەڵ 27ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی
کوردستان لە هۆڵەندا دەستی بە کارەکانی کرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت بە
بەشداری نوێنەری هێز و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کەسایەتییە سیاسی
و ئەکادیمییەکان و چاودێران لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
لە
كۆبونەوەكەدا؛ وتاری فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن میران ساڵح پێشكەشكرا و و
تێیدا جەخت لەسەر گرنگی یەکڕیزی نەتەوەیی، پێویستی دروستکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ
چارەسەری پرسی کورد، پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و پشتگیری لە مافە سیاسی
و مەدەنییەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرایەوە.
لە
پەیامی گۆڕان دا دووپاتكرایەوە كە یەکڕیزی نەتەوەیی پێویستیی ئەم قۆناغەیە و دەبێت
هێز و لایەنە کوردستانییەکان لەسەر بەرژەوەندییە گەورە نەتەوەییەکان یەک هەڵوێست بن.
هەروەها جەختی لەسەر گرنگی دیپلۆماسیی نەتەوەیی، پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
و دروستکردنی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی
کورد کردەوە.
وەفدی
بزوتنەوەی گۆڕان لەم جڤاتەدا پێکهاتوون لە (سیروان سەعید بەرپرسی گۆشەی بەریتانیا،
هەوراز باباجان بەرپرسی گۆشەی ناوەندی ئەوروپا، بەهرە محەمەد ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی
کوردستان، میران ساڵح و هیوا ناسح ئەندامانی ژووری ڕەوەندی کوردی، عەلی خدر بەرپرسی
ئەنجومەنی بەریتانیا، نالی پشدەری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەڵمانیا و ئارام تاهیر
ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان).
بزوتنەوەی
گۆڕان لە کۆتایی بەشدارییەکەیدا دووبارە پشتیوانی خۆی بۆ هەر هەوڵێکی نەتەوەیی و دیموکراتیانەی
خزمەتگوزار بە یەکڕیزی کورد و دابینکردنی ئاشتی و دادپەروەری ڕاگەیاند و هیوادارە کە
ئەنجامەکانی كۆبونەوەكە ببنەهۆی نزیکبوونەوەی زیاتر لەنێوان هێزە سیاسییە کوردستانییەکان
و بەهێزبونی هەڵوێستی هاوبەش لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە و جیهان.