بەشداری وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە نۆیەمین شەوی گالای SME4Labour لە لەندەن

23/06/2026


لە شەوی دووشەممە، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، وەفدێک لە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری نۆیەمین شەوی گالای SME4Labourیان کرد، کە لە هۆتێلی London Marriott Hotel Grosvenor Square لە لەندەن بەڕێوە چوو و ژمارەیەکی زۆر لە خاوەنکاران، نوێنەرانی یەکێتییە کرێکارییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەندامانی پەرلەمان و بڕیاربەدەستانی بریتانی بەشدارییان تێدا کرد.

وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لەم بۆنەیەدا لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسی و بازرگانی ناسراو کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر بابەتە هاوبەشەکان و گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کرد.

بۆنەكە بە ئامادەکاری و سەرپەرشتی ئیبراهیم دۆگۆس، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لامبێث و کەسایەتییەکی ناسراوی کوردی باکوور، بەڕێوە چوو كە توانیویەتی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە هەوڵ و چاڵاکییەکانی، سەدان کەسایەتیی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و SME4Labour بکاتە یەکێک لە گرنگترین پلاتفۆرمەکانی گفتوگۆ و پەیوەندی نێوان جیهانی بازرگانی و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە شانشینی یەکگرتوو.

لە ماوەی بەرنامەکەدا، میوانان بەشداری خوانی فەرمی گالا و خەڵاتەکانی SME4Labour Excellence Awardsیان کرد، کە تێیدا ڕێزلێنان لە کەسایەتی و دامەزراوەکان کرا کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پەرەپێدانی بازرگانییە بچووک و ناوەندەکان و پشتگیری لە بەهاکانی دادپەروەری، دەرفەت و بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی هەبووە.

بەشداری وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لەم ڕووداوەدا هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان و ناساندنی زیاتر لەگەڵ کەسایەتی و لایەنە جیاوازەکان، هەروەها بەشێک بوو لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و هاوکاری لە ئاستی نێودەوڵەتی.

SME4Labour مەکۆیەکی سیاسی و تۆڕێکی بازرگانییە کە بنکەکەی لە بەریتانیادایە وەک پردێک لە نێوان کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان (SMEs) و پارتی کرێکارانی بەریتانیا کاردەکات.


هەواڵی زیاتر