فراکسیۆنی گۆڕان: دەبێت داهاتەکانی هاتوچۆ بچێتە سندوقی چاککردنی رێگاوبانەکان

18/06/2019

فراکسیۆنی گۆڕان داوای دروستکردنی سندوقی چاککردنی رێگاوبانەکان دەکات، تا داهاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بچێتە ئەو سندوقە و لە دروستکردن و چاککردنی رێگاوبانەکانەکاندا بخرێتەگەڕ.

یەکشەممە، سەرۆکی فراکسیۆن و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی کۆبونەوە، بۆ بەدواداچونی گرفتەکانی هاتوچۆ و رێگاوبانەکان.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: به‌چه‌ندین رێگای جیاوازی وەک (مۆڵه‌ت، سزادان، پێدانی ژماره‌، به‌ڵێننامه‌، به‌ناوکردن، ژینگه‌، رێگاوبان.... هتد) پاره‌ له‌ شۆفێر وه‌رده‌گیرێت، بڕێکی به‌ناوی ژینگه ‌و رێگاوبانه‌وه‌ له‌ تا‌نکه‌رەکانی گواستنەوەی نه‌وت وه‌رده‌گیرێت و ده‌چێته‌ حسابی سامانه‌ سروشتیه‌کانەوە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ پێویستە‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بخرێته‌وه‌ خزمه‌تی رێگاوبان، ئه‌ویش به‌دروستکردنی سندوقی چاککردنی رێگاوبان.

وتیشی :"له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی چاکسازیی، پێکه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ چاکسازیی هه‌یه، یاسایی چاکسازی ده‌رده‌کەین و جێیه‌جێی ده‌که‌ین، کار بۆ دروستکردن و چالاککردنی سندوقی چاککردنی رێگاوبانه‌کان ده‌که‌ین، یه‌کێک له‌سه‌رچاوه‌کانی داهاتی ئه‌م سندوقه‌ داهاتی هاتوچۆ بێت".

بەپێی ئامارەکان؛ کۆی داهاتی هاتوچۆی هه‌رێمی کوردستان ساڵانه‌ زیاتر له‌ (300) ملیار دیناره،‌ داهاتی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بە تەنها له‌ ساڵی (2018)دا بڕکه‌ی (114)
ملیار دینار بوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت ئەو پارەیە‌ بخرێته‌ خزمه‌تی رێگاوبانەکان و  چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی داهات بۆ ئه‌و سندوقه‌ پەیدابکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە خزمەتی دروستکردن و چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان.


هەواڵی زیاتر