نوێنەری گۆڕان: هەماهەنگیی و كاری پێكەوەیی، پێداویستییەكانی ئەم قۆناغە بۆ سودی گەلەكەمان

17/08/2026

بە مەبەستی یادکردنەوەی هەشتاهەمین ساڵی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە شاری ئۆربرۆی سوید بەبەشداری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان بەڕێوەچوو، تێیدا سەید قەهار زاخۆیی، ئەندامی جڤاتی ڕاوێژکاری بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، بەشداری کرد و بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕان پەیامی پیرۆزبایی  پێشکەش کرد.
نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان گرنگیی یەکڕیزی و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکان و پەرەپێدانی کەلتووری گفتوگۆ و دیالۆگی سیاسی خستەڕوو. جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە قۆناغی ئێستادا، نزیکبوونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرا کە دروستکردنی ڕوحی هاوبەشی، بەرەوپێشبردنی هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەل و بەهێزکردنی بنەماکانی پرۆسەی سیاسی.
لە کۆتاییدا، بزوتنەوەی گۆڕان هیوای خواست کە پەیوەندی و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکان زیاتر پەرەی پێ بدرێت و بە دیالۆگ و هاوکاریی هاوبەش، هەنگاوی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان و گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانی گەل هەڵبگیرێت.


هەواڵی زیاتر