گۆڕان کارنامەیەکی (19) لاپەڕەیی بۆ کابینەی نوێ ئامادەیە

25/06/2019

لیژنەیەک بۆ نوسینەوەی کارنامەی حکومەت پێکدەهێنرێت و بزوتنەوەی گۆڕانیش کارنامەیەکی (19) لاپەڕەیی وەک کارنامەی کابینەی نوێ پێشکەش بە پارتی دیموکراتی کوردستان کردوە، بۆ
ئەوەی لەکاتی دەستبەکاربونی حکومەت، کاریان لەسەر بکرێت.

لە دوا سەردانی مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ نوسینەوەی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت.

ئاراس وەلی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بە رۆژنامەی (زەمەن)ی راگەیاند؛ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رێککەوتنێکیان لەگەڵ لایەنی براوەی
هەڵبژاردن ئیمزا کردوە کە دو بەشە، بەشێکیان شکی گۆڕانە لە کابینەی نوێ، بەشەکەی دیکەی ئەو بەرنامە سیاسییەیە کە دیدگای هەردولا بۆ حوکمڕانی نیشان دەدات.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بەشەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی تائێستا بڵاونەکراوەتەوە، کە وردەکاری ئەو رێککەوتنە سیاسییەیەو لە (19) لاپەڕە پێکهاتوە، بۆ بەڕێوەبردن و چاکسازیی لەسەرجەم
سێکتەرەکان و میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و کاتەکەی و وردەکارییەکەی، کە چاوەڕوانن لایەنی سێیەم یان هەر لایەنێکی دیکە کە بەشداری حکومەت دەکەن بیبینن و
سەرنجی خۆیان بدەن و دواتر ببێتە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەت.

سەبارەت بە ناوەرۆکی پرۆژەکەش، ئاراس وەلی دەڵێت: ناوەرۆکی پرۆژەکە دیدگاو تێڕوانینی گۆڕانە بۆ پاکێجەکانی چاکسازی، دژایەتی گەندەڵی، سەروەری یاسا، جیاکردنەوەی حکومەت لە حیزب، چۆنیەتی دابینکردنی خزمەتگوزاری، کاراکردنی حکومەت و چونە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەمان، لەگەڵ دروستکردنی دەزگای تایبەتی و گرنگ بۆ دانوستانی هەرێم لەگەڵ بەغدا وڵاتانی دەرەوە و پێکهێنانی سوپای نیشتیمانی و بەهەدەرنەدانی سامان نیشتیمانی.

وتی: "لەگەڵ پارتی رێککەوتون کە لە کاتی پێکهێنان و متمانە وەرگرتنی کابینەکە، ئەو بەرنامەیە بخوێنرێتەوە و پەرلەمان پەسەندی بکات دواتر حکومەت پابەند بێ بە جێبەجێکردنییەوە، پارتیش تەحەفوزی لەسەر ئەو بابەتە نەبوە، چونکە شتێکی تێدا نییە لە بەرژەوەندی شەخسی و حیزبیدا بێ زۆرینەی لایەنەکانیش ئەو گوتارانەیان هەیە. بەشێوەیەکی گشتی لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا هەرچی خاڵی گرنگ و جەوهەریی پرۆژەکانی گۆڕان هەبوە بۆ چاکسازی و بە دامەزراوەییکردن و بەڕێوەبردنی وڵات، لەو (19) لاپەڕەیەدا جێی کراوەتەوە".

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی وەفدی دانوستانکار و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەی (زەمەن)ی راگەیاند؛ لیژنەکە لە نوێنەرانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکدەهێنرێت بۆ نوسینەوەی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و بەزوترین کات دەست بە کارەکانی دەکات.

پرۆژەکەی گۆڕان کە پارتی دیموکراتی کوردستانیش پەسەندی کردوە ببێتە کارنامەی کابینەی نوێ، هەندێ پڕۆژەو بەرنامە پێویستی بەکاتی دیاریکراو نییەو تەنیا بڕیاردانی دەوێت، بەشێکیان
کات و سەقفی زەمەنی دانراوە بۆ جێبەجێکردنیان، ئەوانیش پلانی کورتخایەنی شەش مانگی بۆ ساڵ و هەندێکی دیکەشیان پلانی درێژخایەنەو کاتی زیاتری دەوێت.


هەواڵی زیاتر