جڤاتی گشتی راسپاردەکانی ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی دەکات
30/06/2019
جڤاتی گشتی، چەند پیشینازێکی لە چوارچێوەی دەستوری
بزوتنەوەکەدا بۆ جڤاتی نیشتیمانی ئامادەکرد لەبارەی دوا قۆناغی دیاریکردنی کاندیدەکانی
گۆڕان بۆ پۆستە حکومییەکان.
لە کۆبونەوەی
ئەمڕۆیدا، جڤاتی گشتی وەک ئەنجومەنێکی راوێژکاریی ژمارەیەک راسپاردەی لەبارەی
میکانیزمەکانی دیاریکردنی کاندیدەکانی گۆڕان بۆ پۆستە حکومی و وزارییەکانی کابینەی
نوێ گەڵاڵەکرد، سەرۆکی جڤاتەکەش ئاشکرای کرد: دەکرێت بۆ هەندێک پرسی گرنگ هەردو
جڤاتەکە پێکەوە کۆببنەوە و بڕیاری پێویست و یەکلاکەرەوە وەربگرن.
د.رەئوف
عوسمان، سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بەپێی ماددەی دو لە دەستوری
ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسە گرنگەکان، دەکرێت هەردو جڤاتی
نیشتیمانی و گشتی کۆببنەوە و چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە و پرسە گرنگەکان یەکلایی
بکرێتەوە.
وتیشی
:"یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کۆبونەوەیەکی هاوبەشی جڤاتی گشتی و جڤاتی
نیشتیمانی بکرێت و بەپێی دەستور بڕیاری پێویست وەربگیرێتو بگەینە ئەنجامێکی باش و
دڵخۆشکەر بۆ گۆڕانخوازان".
هەر
لەوبارەیەوە دانا عەبدولکەریم، ئەندامی ژوری حکومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان
رایگەیاند: لەسەر پێشنیازی جڤاتی گشتی، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەیەکی
پێکهێناوە بۆ یەکلایی کردنەوەی سیڤی ئەو بەڕێزانەی داواکارییان پێشکەش کردوە بۆ
پۆستە وزاریی و حکومییەکان".
وتیشی :"کارەکانی
لیژنەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە، لەم هەفتەیدا کارەکان تەواو دەبێت".
دانا
عەبدولکەریم ئاشکرای کرد؛ بەپێی ئەو میکانیزمەی بڕیاری لێدراوە، لە رێگەی کەمکردنەوەی
ناوی ئەو کەسانەی پاڵیوراون بۆ پۆستەکان، لە نێوان (3-5) کەس بۆ هەر پۆستێکی
وەزاریی دەخرێتە بەردەم جڤاتی نیشتیمانی، لەوێ بەدەنگدان پرسەکە یەکلایی دەبێتەوە،
تا ئەم ساتەش ئەوە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانییە، ئەگەر گۆڕانکارییەک هەبێت، جڤاتی
نیشتیمانی وەک باڵادەسترین دەسەڵات بڕیاری لەسەر دەدات".
ئەندامەکەی
ژوری حکومەت و پەرلەمان جەختی کردەوە؛ هەرکات داوا لە بزوتنەوەی گۆڕان بکرێت،
کاندیدەکانی خۆی بۆ پۆستە وەزارییەکان پێشکەش دەکات.