جەلال جەوهەر بۆ (سبەی): لە دو رۆژی داهاتودا ناوی کاندیدەکانی گۆڕان ئامادە دەبێت
05/07/2019
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لەماوەی دو رۆژی داهاتودا رێکارەکانی دیاریکردنی کاندیدەکان کۆتایی دێت و ناوەکان رەوانەی هەولێر دەکرێن.
دوای ئەوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەسەڵاتی دیارکردنی کاندیدەکانی دایە دەست رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە و کۆتایی بە کۆبونەوەکە هات، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی بۆ دوپاتکردنەوەی درێژەدان بە رێبازی نەوشیروان مستەفا و داکۆکیکردن لەو بەرنامە و پڕۆژانەی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دامەزراوە، سەردانی ئارامگەی نەوشیروان مستەفایان کرد.
لای خۆیەوە جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی میکانیزم و وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانەوە بە (سبەی) راگەیاند؛ لەماوەی رابردودا بۆ پرسی بەشداریکردن لە حکومەت، رێککەوتنی سیاسیمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئیمزا کرد و لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ هەڵسەنگاندنی سیڤی کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەردو جڤاتی
نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لەسەر هێڵ بون بۆ ئەو مەبەستە.
وتیشی: لەماوەی دو رۆژی داهاتودا رێکارەکانی دیاریکردنی کاندیدەکان کۆتایی دێت و ناوەکان رەوانەی هەولێر دەکرێن.
جەختیشیکردەوە لەوەی کە ئامانجی گۆڕان لە بەشداریکردن لە کابینەی نوێ، ئەنجامدانی چاکسازی و کارکردنە لەسەر پاکێجەکانی بزوتنەوەکە بۆ ئەوەش وردەکاری و رێوشوێنەکان گیراونەتەبەر و بۆ ئەو هەنگاوانە پێویستمان بە پاڵپشتی و هاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیخوازان و میدیا هەیە.