وەزیری‌ ئاوەدانکردنەوە بۆ (سبەی‌): ده‌بێ لەم چوار ساڵەدا هەست بە جیاوازی‌ رێگاوبانەکان بکرێت

13/07/2019

دانا عەبدولکەریم وەزیری‌ ئاوەدانکردنەوەی‌ حکومەتی‌ هەرێم رایدەگەیەنێت، پۆستەکانیان لە حکومەت وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی‌ بۆ خزمەتکردن سەیر دەکەن ویەکەم کاریان بۆ باشكردنی ژیانی خەڵكی هەرێم و فەرمانبەران دەست پێدەكەن، دواتر کار لەسەر چاکسازی‌ و باشکردنی‌ ئاستی‌ خزمەتگوزاری‌ لەسەرجەم کەرتەکان دەدەن.

دانا عەبدولکەریم کە ئەمڕۆ (چوارشه‌ممه‌) وەک وەزیری‌ ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی‌ حکومەت لە پشکی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە پەرلەمان متمانەی‌  وەرگرت و سوێندی‌ یاسایی‌ خوارد، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەی‌) کە دواتر دەقەکەی‌ بڵاو دەکرێتەوە، پلانی‌ خۆی‌ بۆ باشکردنی‌ رەوشی‌ رێگاوبانەکان و نیشتەجێکردن و رێکخستنەوەی‌ هەردو بوارەکە دەخاتەڕو، دەشڵێت: "لانی‌ کەم
لەم چوار ساڵەدا دەبێت رێگاوبانەکانمان بگەیەنینە ئاستێک کە جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ رێگاوبانەکانی‌ ئێستا هەبێت بەشێوەیەک کە بەیەک ئاست و ستانداردبن لە تەواوی‌ پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی‌ هەست بە جیاوازی‌ نەکرێت، ئەوەش  لەپێناو کەمکردنەوەی‌ ژمارەی‌ قوربانییانی‌ هاتوچۆ و پاراستنی‌ سەلامەتی‌  هاوڵاتیان کە سودی‌ دەبێت بۆ گەشەکردن و بوژاندنەوەی‌ بازرگانی و
گەشتوگوزار و بواری تەكنەلۆژی. پلانیشمان هەیە بۆ رێکخستنەوەی‌ کەرتی‌ نیشتەجێبون و باشکردنی‌ خزمەتگوزارییەکان".

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەی‌ ئەو پۆستانەی‌ وەک پشکی‌ گۆڕان وەریان گرتوە، ئەرکێکە لەسەرشانیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی لە رێككەوتنی‌ سیاسی‌ بزوتنەوەکە و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان واژۆ کراوە و لە چوارچێوەی‌  کارنامەی‌ حکومەتدا داڕێژراوە "بۆئەوەی‌ لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی كە لە  بەردەمماندایە بتوانین بەشی هەرە زۆری ئەو خاڵانە جێبەجێ بكەین".

وەزیری‌ ئاوەدانکردنەوە ئەوەدەخاتەڕو کە تایبەت بە پارێزگای‌ هەڵەبجە-ش  ئەوەی‌ لەتوانایاندا بێت درێغی‌ ناکەن و ده‌ڵێت: "هەوڵ دەدەین بەپێی ژمارەی
دانیشتوان، ئەو قوربانیدانەی خەڵكەکەی‌ داویەتی، شایستەیی خۆی وەربگرێت".


هەواڵی زیاتر