کوێستان محەمەد: گۆڕان بۆ باشکردنى ژیانى خەڵک بەشدارى حکومەتى کردوە

13/07/2019

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند: لە رابردودا سەردانى هەمو چاکسازییەکان و زۆربەى دایەنگە و شێڵتەرەکان کردوە و چەندین شەو لەگەڵ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان ماوەتەوە لە خێمەدا، بەهەمان نەفەسەوە سەردانیان دەکەمەوە و لەگەڵیان دەمێنمەوە و هاوکار و پشتیوانیان دەبم.

کوێستان محەمەد عەبدوڵا، کە ئەمڕۆ وەک وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى لە پەرلەمانی کوردستان متمانەی وەرگرت و سوێندی یاسایی خوارد، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) کە دواتر دەقەکەی بڵاودەکرێتەوە، باس لە پڕۆژە و پلانى کارەکانى دەکات لە وەزارەتەکەیدا و دەڵێت: "بەڵێن دەدەین وەک ستافى گۆڕان لە حکومەتدا چیمان پێبکرێت و چى لە توانا و هێزى ئێمەدا هەبێت بۆ خەڵکى کوردستان درێغى ناکەین".

جەختی کردەوە؛ بزوتنەوەى گۆڕان بۆ جێبەجێکردنى پڕژە چاکسازییەکەى خۆى و باشکردنى ژیانى خەڵک بەشدارى حکومەتى کردوە و دەڵێت:"ئەولەویەتمان چاکسازیی و چاککردنى گوزەرانى خەڵکە، کارنامەى حکومەتیش لە هەمو ئەو بەڵێنانە پێکهاتوە کە لایەنە سیاسیەکان لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا بە خەڵکانى هەرێمى کوردستانیان داوە، سەرکەوتنى ئەم کابینەیەش جێبەجێکردنى کارنامەکەیەتى.

سەبارەت بە بەشداریی ژن لە کابینەی نوێدا، کوێستان محەمەد وتی :"ئەمجارە سێ ژن بەشدارن، بەڵام ئەگەر بەراوردى رێژەى ژنان و پیاوان بکەین هێشتا رێژەکە کەمە، لەگەڵئەوەشدا بزوتنەوەى گۆڕان هەنگاوێکى زۆر پێشکەوتنخوازانەى نا کە ژنى بردە ناو کابینەکە و ئەمەش بوەهۆى ئەوەى لایەنەکانى کەش هەمان هەنگاو بنێن".

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد؛ کاردەکەن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای ماف و ئیمتیازانی کەمئەندامان بەجۆرێک   کە ژیان و گوزەرانیان دابین بکات.


هەواڵی زیاتر