رێبوار ئەحمەد بازیانی، بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی جێبەجێ ناكرێت

13/07/2019

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ بڕیاری دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پۆستەكەی جێبەجێ ناكرێت و بەردەوام دەبێت لە
ئەركەكەی، ئەو بڕیارەش سەرپێچی یاسایی و سیاسیە.

رێبوار ئەحمەد بازیانی، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (سبەی) راگەیاند: یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەرونی لە ماددەی شەشدا باسی كردوە، دانان‌و لادانی بەڕێوەبەرە گشتیەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە و بەدەنگی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت.

وتیشی: لادانی هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی بەندە بە سێ‌ خاڵەوە، ئەوانیش بریتین لە دەست پیسی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، بەفیڕۆدانی دارایی گشتی، هیچ یەكێك لە خاڵانەش لە مامۆستا دڵشاد عومەردا نەبوە.

ئاشكراشی كرد، ئەنجومەنی وەزیران لە بەڕێوەبەرە گشتیەكان بەرپرس نییەو دەسەڵاتی بڕیاری ئەنجومەی پارێزگاكانی نیە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران سەرپێچی یاسای كردوە، ئەو بڕیارە زیادەرۆیی كردنە سەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان جەختیشی کردەوە لەوەی ئەو بڕیارە سەرپێچی سیاسیشە، لەبەر ئەوەی لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی كراوە و رێككەوتنەكەش بەردەوامە و هەڵنەوەشاوەتەوە. ئەو پۆستەش پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە نەك یەكێتی.


هەواڵی زیاتر