کەمال موسلیم: هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت

16/07/2019

دیمانە: سەنگەر کوردە
وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ پلانى تایبەت و دیاریکراویان هەیە بۆ پێشخستنى بازرگانى و پیشەسازى لە هەرێمى کوردستان و رایدەگەیەنێت؛ کەموکوڕییەکانیان دەستنیشان کردوە و هەوڵى نەهێشتنیان دەدەن، لەوانە پرسى بەگەڕخستنەوەى کارگە لەکارکەوتوەکان و پاڵپشتیکردن و بەرەوپێشبردنى بەرهەمى ناوخۆ و هێنانە کایەى دادپەروەرى و رێگرى لە قۆرخکارى.

کەمال موسلیم کە چوارشەممەى رابردو لەسەر پشکى بزوتنەوەى گۆڕان وەک وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان متمانەى پەرلەمانى وەرگرت، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) پلان و بەرنامەکانى بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و بەرەوپێشبردنى کەرتى بازرگانى و پیشەسازى لە هەرێمى کوردستان رون دەکاتەوە و دەشڵێت:"کارنامەى حکومەت و ئەو هێڵە گشتیانەى کارنامەکەش کە لە رۆژى متمانە بەخشین بە کابینەى نوێ خرایەڕو بەشێکى زۆرى داواکارى و پڕۆژەکانى پێشوى بزوتنەوەى گۆڕانى لەخۆگرتوە و ئێمە بە هەمو شێوەیەک هەوڵ دەدەین ئەو خاڵانەى لە کارنامەکەدا هاتوە لە هەمو جومگەکانى ئەم حکومەتە بە تایبەتى ئەوانەى پەیوەندى بە وەزارەتەکانى ئێمەوە هەیە جێبەجێى بکەین لەپێناو خزمەتکردنى زیاترى خەڵکى کوردستان و بەرەو پێشبردنى بازرگانى و پیشەسازى لە هەرێمى کوردستان".
کەموکوڕییەکانمان دەستنیشان کردوە و هەوڵى نەهێشتنى ئەو کەموکوڕییانە دەدەین

* دواى چاوەڕوانییەکى زۆر کابینەى نوێى حکومەت متمانەى وەرگرت کە بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر بنەماى رێککەوتنێکى سیاسى بەشداریى تێدا کردوە، ئەو کارنامەیەى راگەیەندرا ئومێدى تێدایە بۆ باشکردنى حکومڕانى، تاچەند خواستى ئێوە لە کارنامەکە جێى کراوەتەوە و چۆن هەوڵى جێبەجێکردنى دەدەن بەشیوەیەک لە بەرژەوەندى خوڵکى کوردستاندا بێت؟
کەمال موسلیم: ئەو کارنامەیەى راگەیەندراوە ئەو هێڵە گشتیانەى کارنامەکەش کە سەرۆکى حکومەت لەرۆژى متمانە بەخشین بە کابینەى نوێ و دواى سوێند خواردن لەناو پەرلەماندا خستیەڕو پاشانیش لەگەڵ ئێمەدا وەک وەزیرانى نوێى کابینەى حکومەت لە دانیشتنێکدا باسى کرد، جدیەتیان پێوە دیارە لە جیبەجێکردنیدا، ئەوەش کە لە کارنامەکەدا هاتوە بەشێکى زۆرى ئەو داواکارى و پڕۆژەکانى پێشوى بزوتنەوەى گۆڕانى لەخۆگرتوە، بۆیە ئێمە بە هەمو شێوەیەک هەوڵ دەدەین ئەو خاڵانەى لە کارنامەکەدا هاتوە لە هەمو جومگەکانى ئەم حکومەتە بە تایبەتى ئەوانەى پەیوەندى بە وەزارەتەکانى ئێمەوە هەیە جێبەجێى بکەین.
ئێمە کەموکوڕییەکانمان دەستنیشان کردوە و هەوڵى نەهێشتنى ئەو کەموکوڕییانە دەدەین، بۆنمونە لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەوڵ دەدەین چ لە بەشە بازرگانییەکەى چ لە بەشە پیشەسازییەکەى ئەو کەموکوڕیانە هەن چارەسەریان بکەین بەشێوەیەک کارگە لەکارکەوتوەکان بخرێنەوەکار و کارگەى نوێ-ش دروستبکرێن و جارێکى دیکە دادپەروەرییەک دروست بکەین، یان زۆر جار باسى ئەوە دەکرێت قەبارەى ئاڵو گۆڕى بازرگانى لە نێوان ئێران و هەرێم یان تورکیا و هەرێم ئەوەندەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو قەبارەیە زۆرینەى ئەوەیە کە هاتوە نەک بەرهەم و کەرەستیەک لێرەوە هەناردە کرابێت، بۆیە ئێمە کە خاوەنى دەیان بەرهەمی ناوخۆیان دەبێت قەبارەى هەناردەکردنیش لە هەرێمى کوردستانەوە زیاد و چالاک بکەین نەک تەنها شتمان بۆ بێت و پارەکەمان بچێتە دەرەوە.

* ئەمە دوەم ئەزمونى گۆڕانە لە حکومەتدا کە ئێوە لە کابینەى پێشوشدا بەرپرسیارێتى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینیتان گرتە دەست، ئەم قۆناغە چ جیاوازییەکى هەیە و دەتانەوێت چى بسەلمێنن وەک تیمى گۆڕان لە حکومەتدا؟
کەمال موسلیم: ئەم جارە بزوتنەوەى گۆڕان بە رێککەوتنێکى تۆکمەتر چوەتە نێو حکومەتەوە کە زۆربەى بەرنامەکەشى لە کارنامەکەیدا جێگیر کراوە و هەردولا پابەندبونى خۆیان بۆ جێبەجێکردنەکەى راگەیاندوە، بۆیە من پێموایە جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەمجارە رێککەوتنەکە تۆکمەترە و تیشگەیشتنى باشتر لەنێوان هەردولادا هەیە بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و بەدیهێنانى خۆشگوزەرانى بۆ هاوڵاتیان و باشکردنى ئاستى خزمەتگوزارییەکان. ئومێدەوارم بەپێى ئەو رێککەوتنە کارنامەکەى حکومەتیش وەکخۆى جێبەجێ بکرێت.

لێکتیشگەیشتنى باشتر هەیە بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و بەدیهێنانى خۆشگوزەرانى بۆ هاوڵاتیان

* هەرچەندە ساڵی (2013) وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازى پلانێکی ستراتیژی هەشت ساڵی راگەیاند، بەرنامە و پلانتان چییە بۆ پەرەپێدان بەو کەرتە و بەرهەمی خۆماڵیی و زیادکردنی داهاتی گشتی؟
کەمال موسلیم: ئەو پلانە ستراتیژییە دیراسە دەکەینەوە و پێیدا دەچینەوە، بەشێوەیەک خاڵە باش و جەوهەرییەکانى بەردەوامیى پێدەدەین و هەر کەموکورتییەکیشى هەبو چارەسەرەکەى دەخەینەڕو بۆئەوەى تۆکمەتر و بەهێزتر بکرێت بەتایبەت لەروى پەرەپێدان بە بەرهەمى خۆماڵیى. من لە ئێستاوە پلان و پڕۆژەم هەیە بۆئەوەى کارى لەپێشینەى ئێمە پەرەپێدانى بەرهەمى خۆماڵى و پاراستنى بێت لەگەڵ دۆزینەوەى بازاڕ بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمە خۆماڵییەکان.

* دەوترێت ئاسایشی خۆراک لە هەرێم لەبەردەم مەترسیدایە بەشێوەیەک بوەتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەل و خۆراکی نەشیاو و بێ کوالێتی، چی دەکەن بۆ کەمکردنەوەى ئەو مەترسیە؟
کەمال موسلیم: منیش لەگەڵ ئەوەدام، زۆرجار کە باس لە ئاسایش دەکرێت دەڵێن ئاسایشى هەرێم پارێزراوە. من پێموایە دو تێڕوانین هەیە بۆ ئاسایش تێڕوانینێکى تەقلیدى هەیە کە هەمو ئاسایشى وڵاتێک لەوەدا کورت دەکاتەوە کە سنورەکان پارێزراوە، بەڵام تێڕوانینى نوێ بۆ ئاسایش فراوانترە و چەند لایەنێکى دیکە لەخۆ دەگرێت بە تایبەتى بابەتى پاراستنى ئاسایشى خۆراک و ئاسایشى کۆمەڵایەتى ئاسایشى زمان و ئاسایشى ئاو.
ئەوەى کە پەیوەستە بە ئاسایشى خۆراک، پێویستە حکومەتى هەرێم و هەمو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى تێکڕاى کابینەکە گرنگییەکى زۆر بەوە بدەن کە ئەو مەترسییەى لەسەر ئاسایشى خۆراک هەیە نەیهێڵن، ئەویش بە شێوەیەک بتوانین بەرهەمە خۆماڵییەکان زیاد بکەین و هانى جوتیارەکان و مەڕدارەکان  بکەین کە بەشداربن لە بە دابینکردنى ئاسایشى خۆراک و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین و ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیشیان لە بازاڕدا گەرەنتى بکەین.

* بەرنامەتان چیە بۆ گەشەپێدانی ئابوری نیشتیمانی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی داهات و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و دانانی ژێرخانێکی پتەوی بازرگانی و پیشەسازی؟
کەمال موسلیم: ئەمەش یەکێک لە خاڵە هەرە بنەڕەتییەکانە بۆ دابینکردنى ئاسایشى خۆراک، تەنانەت لە ئاسایشى کۆمەڵایەتیدا بەشدارە، ئێستا کە ئەو هەمو کێشە کۆمەڵایەتییانە رودەدەن زۆربەیان پەیوەستن بە دۆخى ئابورییەوە بۆیە دەبێت ئەو پرسە بە گرنگییەوە وەربگرین.
دەبێت هەوڵەکانى ئێمە لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى بەو ئاڕاستەیە چڕ بکەینەوە کە ئەو دەیان کارگە و دامەزراوەیەى لە کوردستاندا هەن و لەئیستادا لەکارکردن و بەرهەمهێنان وەستاون چالاک بکرێنەوە و کارخانەى نوێ لە کوردستان دابمەزرێن، یان ئەگەر دۆخى هەرێمیى و عێراق هاوکار بێت هەوڵ بدەین داوا لە دەوڵەتان بکەین کارخانەى گەورە لێرە دروست بکەن واتە لەخۆمان بپرسین کۆمپانیایەکى گەورە یان براندێکى جیهانیى کارخانە لێرە دروست بکەن؟، چونکە ئەمە هەم بۆ پێشخستنى ئابورى گرنگە هەم هەلى کارى گەورە دەڕەخسێنێت بەتایبەت کە لە هەرێمەکەماندا کۆمەڵێکى زۆر مەوادى خام و سەرەتایى هەن و ئەگەر کارگە و کارخانەى گەورە هەبێت دەتوانین سودێکى زۆریان لێوەربگرین بۆنمونە رۆژانە رەنگە سەدان هەزار پێستە لەم هەرێمە بەخەسار بڕوات و ببێتە هۆى پیشکردنى ژینگەش، بەڵام ئەگەر بتوانیت لەگەڵ کۆمپانیایەکى گەورە هەماهەنگى بکەیت و سویدیان لێوەربگیرێت بۆ دروستکردنى پێڵاو و جانتا و قایش و بەرهەمى دیکە دەکرێت سودى زۆرى هەبێت.

هەمو ئەو هەوڵانەش دەبنە هۆى رەخساندنى هەلى کار و ئەو فشارەش لەسەر کەرتى گشتى و حکومەت کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەوە بە وەبەرهێنانى راستەقینە کە وەبەرهێنى دەرەکى پارە بهێنێتە وڵاتەکەمانەوە نەک ئەو وەبەرهێنانەى ئێستا کە زۆرینەى لە کەرتى خانوبەرەدایە و وەبەرهێن کەمترین پارەى خۆى تێدا بەگەڕ دەخات. بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانیشى زۆربەى پارەى خەڵکى هەرێم دەچێتە دەرەوە.

هەوڵى رەخساندنى هەلى یەکسان دەدەین بۆ وەبەرهێنان و بازرگانى

* هەست بە قۆرخکارى دەکرێت چ لە بوارى بزنسى بچوک چ بازرگانى گەورە، چ پلانێکتان هەیە بۆ رەخساندنى هەلى هاوسەنگ بۆ هەموان؟
کەمال موسلیم: دەبێت دادپەروەرى بهێنرێتە کایەوە، ئیمە داواى دادپەروەرى دەکەین لەنیوان هەمو هاولاتیانى کوردستان ئەمە بۆ کەرتى بازرگانیش هەمان دۆخە پێویستە هەلى یەکسانیان بۆ دروست بکەین بۆ ئەو کەسەى دەیەوێت وەبەرهێنان بکات چ لە بوارى بزنسى بچوک بێت یان گەورە کێ زۆرترین مواسەفاتى تێدا بو ئەوان لەپێشینە بن دور لە ئینتیماى حیزبى و ناوچەیی، ئێمە دەمانەویت دادپەروەرى لەو روەوە پەیڕو بکەین کە ئەمە خاڵێکى زۆر گرنگە و بە سودى گشتى تەواو دەبێت.

* بەشێکى کارەکانتان پەیوەستە بە بەغداوە، یەکێک لە گرفتەکانیش گەنمى جوتیارانە چ بۆ وەرگتنى بڕى گەنم چ بۆ رەوانەکردنى شایستە داراییەکەیان، بەنیازى چ هەماهەنگ و پێداگرییەکن بۆ بەرژەوەندى جوتیاران و وەرگرتنى تەواوى گەنمى هەرێم؟
کەمال موسلیم: ئەو بابەتە زیاتر لەوەى پەیوەندى نێوان وەزارەتێک و بەغدا بێت بوەتە پرسێکى کۆى گشتى هەرێم لەگەڵ ناوەند، لە کارنامەکەى حکومەتى نوێدا باسکراوە کە ئێمە دەبێت پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەماى دەستور رێک بخەینەوە ئەو کێشە و گیروگرفتانەى هەیە لەسەر بنەماى دەستور چارەسەى بۆ بدۆزینەوە، ئەگەر توانیمان ئەوانە بکەین ئەوا دەتوانین سەبارەت بە هەمو کێشەکانى پەیوەست بە جوتیاران و بابەتەکانى دیکەش لەگەڵ بەغدا بگەینە لێکتێگەیشتن.

بۆ چارەسەرى گرفتى حکومەتى هەرێم و ناوەند پێویستە لەسەر بنەماى دەستور بگەینە رێککەوتن

* لە چەند ساڵى رابردو چەند سایلۆیەکى نوێ دروستکران، بەڵام دەوترێت ئەوە بەس نیە بۆ لەخۆگرتنى تەواوى گەنمى جوتیاران و پاراستنى، تا چەند سایلۆى نوی پێویستە و بۆ هەوڵ نادەن کەرتى تایبەت بێننە ناو ئەو بوارەوە؟
کەمال موسلیم: ئەو سایلۆیانەى بۆ پاراستن و وەرگرتنى گەنم بۆ جوتیاران کراوە کەمە و بەشى هەڵگرتنى بەرهەمى ناوخۆ ناکات بە بەڵگەى ئەوەى گەنم و جۆیەکى زۆرى جوتیاران شوێنیان نییە، ئەو بابەتەش پێویستى بە پێداچونەوە هەیە چ بە فراوانکردنى ئەو سایلۆیانە چ بە کردنەوەى سایلۆى نوێ لە شار و شارۆچکەکان بە تایبەتى ئەو شوێنانەى کە زۆرتر کشتوکاڵین بۆ نمونە لە ناوچەى شارەزور یان لە بتوێن و دهۆک، ئەو شوینانە زۆرترین بەرهەمى دانەوێڵەیان هەیە و کردنەوەى سایلۆ هەم بەرهەمەکان دەپارێزێت هەم کارئاسانییە بۆ جوتیارانى سنورەکە. بۆیە لەو روەوە بە هەماهەنگى فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پلانەکانمان لەو روەوە دەخەینەگەڕ.

* پاڵپشتی لە کەرتی تایبەت و هەلى کار و پاراستنی مافی کرێکاران لە ئەستۆى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازییە، چى لە هەگبەتاندایە لەو روەوە بەتایبەت کە رۆڵى دەبێت لەکەمکردنەوەى ئەو قورساییەى لەسەر کەرتى گشتیە؟
کەمال موسلیم: من پێموایە گرنگیدان بە کەرتى تایبەت لە هەرێمى کوردستان زۆر گرنگە، چونکە بە گرنگیدان بە کەرتى تایبەت ئەو فشارە زۆرەى لەسەر حکومەت هەیە کەمدەبێتەوە و خەڵک بەم شێوەیە داوا و هەوڵ بۆ دامەزراندن نادات، بەڵام ئەو کەرتەش دەبێت بە شێوەیەک رێک بخرێتەوە کە مافى خەڵکى تێدا پارێزراو بێت. هاوکات پێویستە یاساى خانەنشینى بۆ کارمەندانى کەرتى تایبەت دەربکرێت بەشیوەیەک کە مافیان تێیدا پارێزراوبێت.


هەواڵی زیاتر