كابینەی نوێ، هەنگاو بەرەو دامەزراوەییكردن دەنێت؟
16/07/2019
راپۆرت: وریا فەتاح
بەهێزكردن و بە نیشتمانیكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی
كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بە یەكێك لە ئەركە لە پێشینەییەكانی كابینەی
نوێی حكومەت دەزانرێت، بەشێوەیەك كابینەی(نۆ) لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەدایە
بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەشەی كارنامەی حكومەتەكەی كە بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر
ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی رایگەیاندوە.
ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەیوەندییەكان
بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای تەواوەتی بەوە بوە هەرێم خاوەنی
دامەزراوەی پەیوەندییەكان بێت و دژی بە حیزبیكردن و بە كەسیكردنی ئەو
پەیوەندییانە بوە كە لە رابردودا هەبوە و نەخراوەتە خزمەت پێگەو سەنگی هەرێم و خەڵكەكەی.
هەر بۆیەشە بزوتنەوەی گۆڕان لەم كابینەیەدا و لە رێككەوتنی لەگەڵ پارتی ئەم بوارەی
بەهەند وەرگرتوە، تا بتوانرێت پەیوەندییەكانی هەرێم لە قۆرخكاری رزگاربكات و زەمینە
سازی بكات بۆ گفتوگۆ و پەیوەندییەكی یەكسان و هاوبەش و بیناكردنی گوتارێكی یەكگرتو
و بەهێز.
دیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئاستی پەیوەندییەكان لە بەرنامەی
لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی (12ی ئایاری 2018)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تەوەری
سێهەم بۆ ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ بەم شێوەیە رونكراوەتەوە.
یەكەم: گرتنەبەری رێگەی دەستوری و یاسایی بۆ چارەسەركردنی
پرس و كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی
و شەراكەتی راستەقینە لەسەرجەم بوارەكاندا.
دوەم: جەختكردنەوە لە بەشداریی هەرێمی كوردستان، لە داڕشتنی
سیاسەتی دەرەوەی عێراق و كردنەوەی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە باڵیۆزخانەو
كونسوڵگەرییەكاندا، بە گوێرەی بڕگەی ٤ لە مادەی (١٢١)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق.
سێیەم: بە پیشەییكردن و بە یاساییكردنی ئەركی دانوستان
و چاودێریكردنی ئەدای نوێنەرانی گەلی كوردستان لەناو دەسەڵاتە جیاوازەكانی حكومەتی
فیدراڵ و وەزارەت و دامەزراوە و دەستە سەربەخۆكانی عێراق. لەڕێگەی دامەزراندنی دەستەیەكی
نیشتمانییەوە، لە پەرلەمان هەڵبژێردرێ و لەبەردەم پەرلەمانیشدا بەرپرسیاربێ.
چوارەم: بەدۆكیۆمێنتكردن و ئەرشیفكردنی دانوستانەكانی نێوان
نوێنەرانی گەلی كوردستان و نوێنەرانی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق، لەمێژوی
دور و نزیك. بەو دانوستانانەش لەگەڵ نوێنەری حیزبەكاندا ئەنجامدراون.
لە بەرنامەی لیستی گۆران بۆ 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی
كوردستانیش بەم شێوەیە رونكراوەتەوە
یەكەم؛ ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەیییەكان
1.بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی
كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق و دانانی پەرلەمانی كوردستان بە مەرجەعی شەرعی بڕیاردان
لەسەر پرسە نیشتیمانی و چارەنوسسازەكان.
دوەم: بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندییەكان و یەكخستنی
گوتاری فەرمی هەرێم لەگەڵ دەرەوەدا، لەسەر بنەمای رۆشنیی، لەڕێی كەناڵە یاسایی و
دەستورییەكانەوە.
سێیەم: بە پیشەییكردن و بە یاساییكردنی ئەركی دانوستان
و چاودێریكردنی ئەدای نوێنەرانی گەلی كوردستان لەناو دەسەڵاتە جیاوازەكانی حكومەتی
فیدراڵ و وەزارەت و دامەزراوە و دەستە سەربەخۆكانی عێراقدا. لەڕێگەی دامەزراندنی دەستەیەكی
نیشتمانییەوە، كە لە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێ و لەبەردەم پەرلەمانیشدا بەرپرسیاربێت.
چوارەم: خستنەگەڕی چالاكی دیبلۆماسی هەرێم و پەیوەندییە
دیبلۆماسیەكانی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری عێراقی فیدراڵ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نێوەندە
دیبلۆماسییەكانی جیهاندا، بەئاراستەی داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی گەلی كورد.
پەیوەندییەكانی هەرێم
- لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی
حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی
- لەسەر ئاستی هەرێمی
و نێودەوڵەتی لە كارنامەی كابینەی نوێدا
كارنامەی كابینەی نوێ كە لە ئەنجامی رێكەوتنی لایەنە بەشدارەكانی
حكومەت و بە تایبەتیش رێككەوتنی (بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان) لەدایكبوە،
لە تەوەرێكیدا ئاماژەی پەیوەندییەكانی هەرێم و دونیای دەرەوەی هەرێم كردوە بەم شێوەیەی
خوارەوە
یەكەم: لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی
كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق.
یەكەم: حكومەتی هەرێم لایەنی فەڕمی دانوستان دەبێت لەگەڵ
حكومەتی فیدڕاڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی
كوردستان، دەستەی دانوستان دروست دەكەن، بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا و بەدەستهێنانی
مافە دەستورییەكان.
دوەم: دەستور بنچینەی هەر دانوستانێكی هەولێر لەگەڵ بەغدا
دەبێت بۆ هەر دۆسیەیەك كە لە نێوان هەردولادا هەیە.
سێهەم: هەوڵەكانمان بۆ ئاسایكردنەوەی رەوشی ناوچە
كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەگشتی و كەركوك بە تایبەتی، دۆخی ئەو
ناوچانەش بگەرێتەوە بۆ پێش دۆخی پێش (10/6/2014). بەكردەوە هەنگاوبنرێت دەست بە جێبەجێكردنی
قۆناغەكانی مادەی 140ی دەستور بكرێت.
چوارەم: تیرۆر، حكومەتی هەرێم پابەندە بەبەردەوامی روبەروبونەوەی
تیرۆرستان بەهاوبەشی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ.
پێنجەم: كاردەكەین لە پێناو دەستەبەركردنی مافە دەستورییەكانی
هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراقی فیدراڵ.
شەشەم: هەوڵ دەدەین هەرچی زوترە، دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر
بنەمای مادەی 11 و 112ی دەستوری عێراق چارەسەر بكەین. یاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق دەربچێت. هەروەها هەوڵ دەدەین دەستەی گشتی چاودێری داهاتەكانی فیدڕاڵ
وەك لە مادەی 106ی دەستوردا هاتوە دابمەزرێت.
حەوتەم: جەخت لە رەچاوكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە
دامەزراوە فیدڕاڵییەكانی عێراق بە گشتی و لە وەزارەتەكانی دەرەوەو بەرگری و نەوت بەتایبەت
دەكەینەوە.
هەشتەم: كاردەكەین بۆ چەسپاندنی بنەماكانی سیستەمی فیدراڵی،
بەرێگەی دروستكردنی ئەنجومەنی ( ئیتحاد)ی و هەروەها جەخت لەسەرپرەنسیپەكانی( تەوازن
و تەوافوق و شەراكەت) لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی دەكەینەوە.
نۆیەم: جەخت لەسەر دەركردنییاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق
دەكەینەوە. بەجۆرێكیاساكە گەرەنتی سەربەخۆی دادگای فیدڕاڵی بكات.
پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی
لە كارنامەی كابینەی نوێدا بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم: دامودەزگا فەرمییە پەیوەندیدارەكانی هەرێم، پەیوەندییە
هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەرێوەدەبەن، بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەەلەسەر
بنەمایەكییاسایی نوێ رێكدەخرێتەوە.
دوەم: جەخت لەسەر پەیوەندییەكی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
دەكەینەوە، بەجۆرێك بەڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزی دولایەنە، پەرە بە
ئاستی پەیوەندییەكان لە گشت بوارەكاندا بدرێت.
سێیەم: پشتگیری چارەسەری ئاشتیانەی گشت كێشەكانی ناوچەكە
دەكەین و پێگەی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەیەك بەكار دەهێنین، كە بەشێك بین لە رەوتی
چارەسەری.
چوارەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات نوێنەرایەتیە
هەنوكەییەكانی لە دەرەوەی هەرێم بەهێز بكات و نوێنەرایەتی نوێ بە پێی پێویست لە وڵاتان
بكاتەوەو زەمینەیەكی لەباریش دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی وڵاتان كۆنسوڵگەرییەكانیان لە هەرێم
بكەنەوە.
لە ئەنجامی خراپ بەكارهێنانی پەیوەندییەكان تەرازی هێز
لە دژی هەرێمی كوردستان گۆڕاوە
سەبارەت بە بەدامەزراوەیكردنی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم
لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا و بەكارهێنانی ئەو پەیوەندییانە لە پێناو بەهێزكردنی
پێگەی هەرێمی كوردستان، د.هۆشیار عومەر عەلی رێكخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی
بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) وت: لەرابردودا پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر بنچینەیەكی
نیشتمانی و رێكخراودا نەبوە، بەڵكو ئەوەی هەبوە پەیوەندییەک بوە لەسەر بەرژەوەنی حیزبی
و كەسی بیناكراوە و نەتوانراوە بخرێتە خزمەت پێگەی هەرێم و بەرژەوەندییەكانی.
پێشی وایە، لە ئەنجامی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەردا تەرازوی
هێز بۆیەكەمجار لە نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای (2003)وە بە شێوەیەكی خراپ تێكچو و
بە زیانی هەرێمی كوردستان گۆڕاوە، بەشێوەیەك ئەو پێگە بەهێزەی كورد لە بەغدا هەیبو
بەم هۆیەوە لەدەستیداوەو لە ئێستادا بەتەواوەتی هەست بەوە دەكرێت، بە تایبەت لە سەردانی
بەرپرسانی هەرێم بۆ بەغدا لە گفتوگۆكاندا ئەوە بە رونی دركی پێدەگرێت كە تەرازی هێز
بە زیانی هەرێم گۆڕاوە.
لە بارەی ئەوەی چۆن بتوانرێت هاوسەنگی بۆ ئەم پەیوەندییانە
بگەرێتەوە رێكخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆران ئاماژەی بەوەكرد،
ئەوان لە بزوتنەوەی گۆران بڕوایان بە بەدامەزراوەیكرن و بەنیشتمانیكردنی ئاستی پەیوەندییەكانە
لەسەر ئاستی بەغدا و دونیایدەرەوە، بەشێوەیەك بتوانرێت هەمو ئەو پەیوەندییانە بخرێتە
خزمەت پێگەی هەرێم، ئەمەش لە رێگەی ئەوەی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمایەكی یەكسان و
هاوبەشبن، نەك براگەورەیی و برابچوكی، هەر بۆیەشە بزوتنەوەی گۆڕان رەتی دەكاتەوە
كورد برا بچوكی هیچ دەوڵەتێك بێت و برا گەورەیش رەت دەكاتەوە و بڕوای پێنیە، بەڵكو
ئەوەی پێویستە هەبێت گفتوگۆی هاوبەش و یەكسانە، لێرەشەوە دەتوانرێت ئاستی ئەو پەیوەندییانە
هاوسەنگ بكرێتەوە.
دەربارەی ئەوەی كابینەی نوێ چۆن دەتوانێت ئەو پەیوەندییانە
بە نیشتمانی بكات هۆشیار عومەر رایگەیاند: ئەوەی لە رێككەوتنی ( بزوتنەوەی گۆڕان و
پارتیدا) جەختی لەسەر كراوەتەوە و لە كارنامەی حكومەتیشدا چەسپێنراوەو پرسی پەیوەندییەكانی
هەرێمی كوردستانە هەم لەگەڵ حكومەتی ناوەندو هەم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نێو دەوڵەتی،
بۆنمونە لە ئاستی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، حكومەتی هەرێم دەستەی دانوستان پێك دەهێنێت
بۆ دانوستان و پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ئەمەش بە واتای ئەوەی حكومەتی هەرێم
لایەنی فەرمی دەبێت بۆ ئاستی ئەو پەیوەندییە، بۆیە لێرەوە ئاستی پەیوەندییەكان لە
مۆركی حزبی و كەسیەوە دەگۆڕێن بۆ ئاستی نیشتمانی و رەسمی كە ئەمەش كۆمەكی هەرێم دەكات
پێگەكەی بۆ بگەرێتەوەو هەنگاوێك بچێتە پێشەوە.
رێكخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان
هیوا دەخوازێت، حكومەتی هەرێم لە ئاستی جێبەجێكردنی ئەم كارنامەیەدابێت و بتوانرێت
لەو رێگەیەوە ناوماڵی كورد رێكبخەنەوەو گوتارێكی هاوبەش بینابكەن تا بتوانین روبەروی
هەر ئاڵنگارییەك ببینەوە كە دێتە بەردەمیان و جارێكی دیكە وەك ئەوەی بەهۆی ریفراندۆم
و (16)ی ئۆكتۆبەر بەسەر هەرێم هات دوبارە نەبێتەوە.
لە رابردودا پەیوەندییەكان مۆركی حیزبی بەسەریاندا زاڵبوە
هاوكات ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی (یەكێتی) و ئەندامی
خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دەبێت حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی
گشتی هەبێت لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەرامبەر بەغدا، نەک سیاسەتی حیزبێک یاخود
لایەنێک، چونکە لە رابردودا دامودەزگاکانی حکومەت نوێنەرایەتی هەرێمیان دەکرد، بەڵام
بەهۆی ئەوەی مۆرکی حیزبی بەسەردا زاڵ بو، گرفتی دروست کردبو. ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی
یەکێتی لەوبارەیەوە بونی چەندین نوێنەرایەتی حیزبەکانی وەک (یەکێتی و پارتی و یەکگترتو)
لە تورکیا بە نمونە دەهێنێتەوە کە لەبەرامبەردا ئەنقەرە رێگە بە بونی نوێنەرایەتی
حکومەتی هەرێم نادات لەو وڵاتە، کە ئەوەش وایکردوە بۆشایی دروست بێت و نەتوانرێت
نوێنەرایەتیەكی رەسمی لەوێ بونی هەبێت.
ئارێز عەبدوڵا ، سەردانی وەڤدەكەی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا
بە هەنگاوێكی گرنگ و پئەرێنی دەبینێت و دەڵێت: پێویستە لەمەودوا حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی
یەکگرتوی هەبێت بەرامبەر بەغدا و لەرێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە مامەڵە بکات.
ئەمە لە كاتێكدایە یەك رۆژ دوای یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی
وەزیرانی كابینەی نۆیەم وەڤدێكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی
حكومەت، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبۆتەوە، ئەمەش
وەك هەنگاوێك بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان.