كاردۆ محەمەد: گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بێت یان لە حكومەت ئامانجى خزمەتکردنى خەڵكە
22/07/2019
هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بە هەمان ئامانج و بەمەبەستی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان دوێنێ لە ئۆپۆزسیۆن بوین و ئەمڕۆ لە حكومەت.
كاردۆ محەمەد هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی كوردستان باس لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی دەكات و ڕایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەی گۆڕان دیدێكی نوێ و بیرێكی نوێ و رێبازێكی نوێیە و لەسەر بنچینەیەكی مەدەنی و دور لە توندوتیژی دامەزرا و توانی قۆناغی ململانێی چەكداری تێپەڕێنێت و خەباتی هەڵبژاردن و پەرلەمانی دور لە شەڕی ناوخۆ و خەباتی چەكداری بچەسپێنێت.
ئەو هەڵسوڕاوەى گۆڕان لە چاوپێكەوتنێكدا لە كەناڵی (كەی ئێن ئێن) دوپاتى کردەوە کە؛ گۆڕان، بزوتنەوەیەكی نا ئایدلۆژیە و لە هەركوێیەك كە پەیوەندی بە دادی كۆمەڵایەتی و ئازادی و شكۆی هاوڵاتیانەوە هەبێت لەوێ خەبات دەكات و وتیشی: "لە رابردودا قبوڵكردنی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزی وەك گۆڕان ئاسان نەبو، بەڵام ئەزمونیكی نوێ بو و توانیمان تێیدا سەركەوتوبین، سەركەوتنەكەش لەوەدابو ئێمە بە مۆدێلی مەدەنی و دور لە ململانێی چەكداری كارمان كرد".
سەبارەت بە بەشداری گۆڕانیش لە حكومەت، كاردۆ محەمەد ئاماژەی بەوەكرد، گۆڕان لە حكومەت بێت یان ئۆپۆزسیۆن ئامانجێكی گشتی هەیە و كاری بۆ دەكەن ئەویش خزمەتكردنی خەڵك و چەسپاندنی دادی كۆمەڵایەتی و ریشەكێشكردنی گەندەڵی و سەروەری یاسایە، بۆیە كە دوێنی ئۆپۆزسیۆن بوین و ئەمڕۆ لە حكومەت بە هەمان نەفەسەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان دەكەین.
لەبارەى هەنگاوەكانی خۆرێكخستنەوەی گۆڕان لەکاتێکدا کە گۆڕانخوازان لە ساڵیادى (25/) نزیک دەبنەوە، كاردۆ محەمەد دەڵێت: "ئاساییە هەر هێزێكی سیاسی بەهۆی ئەو دۆخە سیاسیەی دێتە پێشەوە، ماوەیەك كۆنگرە و كۆنفراش دوابخات، بەڵام ئێستا گۆڕان بەرەو تاقیكردنەوەیەكی نوێ هەنگاو دەنێت".