نما و چیا نەوشیروان مستەفا: بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە کار بۆ سەرخستنی بەرنامەی گۆڕان دەکەین

28/07/2019

نما و چیا نەوشیروان مستەفا دوپاتی دەکەنەوە، بە ئیرادەیەکی بەهێز و بەهەمان رۆحیەتی (25/7) و بەهەمو هێز و توانامانەوە کار دەکەین بۆ سەرخستنی پڕۆژە و بەرنامەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان.

لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبونی (10) ساڵ بەسەر یەکەمین بەشداریی گۆڕان لە پڕۆسەی سیاسیدا، نما و چیا نەوشیروان مستەفا جەخت دەکەنەوە لەوەی کە درێژەپێدەر و بەرگریکاری سەرسەختی بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕانن و لەهەمو خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵ هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازاندا دەبن.

دەقی پەیامەکە
دە ساڵ لەمەوبەر بزوتنەوەی گۆڕان لەدۆخێکی ناهەموار و سەختی سیاسیدا دامەزرا و یەکەم بەشداری لە هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان کرد، سەرەڕای ئەوەی زۆر کەس و لایەن گرەویان لەسەر شکستی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرد و نوقڵانەی ئەوەیان لێدەدا کە گۆڕان لە دو بۆ سێ کورسی زیاتر ناهێنێت.

بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەیەکەم تاقیکردنەوەیەدا سەرفرازانە سەرکەوتو بو و توانی بەپشتیوانی هەڵسوڕاو و خەڵکی دڵسۆز و بەمتمانەی هاوڵاتیانی کوردستان (25) کورسی لەپەرلەمان بەدەست بهێنێت و مۆدێلێکی جیاوازی لەکاری رێکخراوەی و سیاسی و ئۆپۆزسێۆنی مەدەنی پێشکەش کرد و بوە هێزێکی سەرەکی و کاریگەر لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق.

لەدوای وەفاتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان کەوتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورستر، کە دوخێکی نائارام و دڵەڕاوکێ و رەشبینی دروستبو، جارێکی تر هەندێک کەس و لایەن کەوتنە پیلانگێڕی و نانەوەی ئاژاوە و دەستێوەردان لەبزوتنەوەکە و فاڵی ئەوەیان دەگرتەوە کە گۆڕان کۆتایی هاتوە و خەڵک متمانەی پێ نادات یاخود دەیانوت گۆڕان دوای هەڵبژاردنی (30)ی ئەیلولی (2018) هەڵدەوەشێتەوە.

سەرەڕای موئامەرە و پڕوپاگەندە و بوختان و فشاری میدیایی، سەرەڕای قەیرانی دارایی و بایکۆت و ساختەکاری و هەڵکوتانە سەر گردەکە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لەهاوڕێکانمان لەم دۆخە سەختە و لەنیوەی رێگادا بەجێیان هێشتین، بزوتنەوەی گۆڕان توانی بەئیرادەیەکی پۆڵاینەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و روبەڕوی هەمو ئەو ئاڵنگارییانە بێتەوەو متمانەی گۆڕانخوازان و جەماوەر بەدەستبهێنێت.

ئیستا کە دە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەزمونی سەرکەوتوی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان و کایەی سیاسیدا، پیرۆزبایی گەرم لە گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان و خەڵکی کوردستان دەکەین و سوپاسی خۆڕاگری و بەئەمەکییان دەکەین و بەڵێن دەدەین کە بە ئیرادەیەکی بەهێز و بەهەمان رۆحیەتی (25/7) و بەهەمو هێز و توانمانەوە کار بکەین بۆ سەرخستنی پڕۆژە و بەرنامەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان. بەکردەوەش سەلماندومانە کە درێژەپێدەر و بەرگریکاری سەرسەختی ئەو بەرنامەیەین و لەهەمو خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵ هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازاندا بوین و دەبین.

لەکۆتاییدا وتەیەکی رەحمەتی باوکمان نەوشیروان مستەفا دەهێنینەوە کەدەڵێت: "تا گەنجێکی حەماسی خاوەن خەونی گۆڕانکاری مابێت لەم سەری کوردستان بۆ ئەوسەری کوردستان و بە ئاڵایەکی نیلییەوە بەشەقامەکان بگەڕێت و بانگەشە بۆ گۆڕانکاری بکات، دەست لەم رێبازە هەڵناگرین و بەردەوام ئەبین".

نما نەوشیروان مستەفا
چیا نەوشیروان مستەفا
25/7/2019


هەواڵی زیاتر