مەجید ساڵح: تائێستا هیچ هێزێک بەرنامەى بزوتنەوەى گۆڕانى تێنەپەڕاندوە

28/07/2019

مەجید ساڵح، رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان فکرى هاوڵاتیبونى هێنایە هەرێمەوە و ململانێى سیاسى لە چەکدارییەوە بۆ دەنگدان و پرۆسەى هەڵبژاردن گۆڕى و دەشڵێت:"تائێستا هیچ هێزێک بەرنامەى بزوتنەوەى گۆڕانى تێنەپەڕاندوە".

مەجید ساڵح، هەڵسوڕاوى بزوتنەوەى گۆڕان لە دەسەم ساڵیادى بەشدارى سیاسى بزوتنەوەکە ئاماژە بە رۆڵ و کاریگەرییەکانى دەکات لە هۆشیارکردنەوەى خەڵک و بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى و
فراوانکردنى ویستى چاکسازى و دەڵێت:"گرنگترین شت ئەوەبو زیاتر لە (500) هەزار دەنگدەرى کورد سەربارى دۆخى ئەو ساڵانە و بونى فشار لەسەریان، لە (25)ى تەموزى ساڵى (2009)دا دەنگیاندا بەو بەرنامەى هەڵبژاردنەى کاک نەوشیروان و بزوتنەوەى گۆڕان دایانڕشتبو ئەوەش پاڵپشتیەکى گەورە بو، ئەوەى لەو نێوەندەشدا زۆر گرنگ بو کە گۆڕان جیادەکاتەوە هێزەکانى پێش خۆى گۆڕینى ململانێىى سیاسى بو لە چەکدارییەوە بۆ دەنگدان، چونکە لە شەستەکانى سەدەى رابردوەوە بزوتنەوەى سیاسى کوردستان چەکدارى بوە و ئەوەندەى بەرامبەر دوژمن بەکارهێنراوە بەرامبەر یەکتر بەکارهاتوە، بەڵام گۆڕان لەرێگەى پرۆسەى هەلبژاردنەوە ئەو نەریتەى گۆڕى".

ئەو لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (کەى ئێن ئێن) باسى لە رۆڵ و کاریگەرى نەوشیروان مستەفا ئەمین کرد لە پێش راپەرین و دواتریش لە رێگەى کتێب و وتار و چاوپێکەوتنەکانەکانیەوە کە "لە دواى (2006)یش کۆمپانیاى وشەى دامەزراند کە هەنگاوێکى یەکجار گەورەبو بۆ هۆشیار کردنەوە لەرێگەى گەیاندنى پەیام و بەرنامەکان جگە لەوەى ئەو کەناڵە میدیاییانە و شێوازى کارکردنیان گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچونێکى گەورەبو لە میدیاى کوردیدا.

مەجید ساڵح رونى دەکاتەوە کە بیروبۆچونەکانى کاک نەوشیروان بۆ سەردەمێکى کاتیى و ئێستا نەبوە، بەشێوەیەک ئەو بەرنامە و بنەمایانە تەنها بۆ ساڵى (2009) نەنوسراون بەڵکو بۆ ئێستا و ئایندەش
دەبن "واتە ئایندەبینى تێدایە و دەکرێت تا چەندین ساڵى دیکە ئەو خاڵانەى دیاریکردوە کارى لەسەر بکریت بۆ باشکردنى دۆخى هاوڵاتیان و هێنانە کایەى فکرى هاوڵاتیبون و بەهێزکردنى پێگەى هەرێم، ئەوەش وایکردوە تائێستا هیچ هێزێک بەرنامەى بزوتنەوەى گۆڕانى تێنەپەڕاندوە".

هەروەک ئەوەى دوپاتکردەوە کە شێوازى خەبات و هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتیان و پێشکەشکردنى پڕۆژەى چاکسازى و نوێبونەوە و گۆڕانکارى و روبەڕوبونەوەى گەندەڵى و هێنانەپێشەوەى گەنج و
هەوڵدان بۆ دامەزراوەییکردن، مۆدێلێکى نوێ بون لە سیاسەت کە ئێستا لایەنەکانى دیکەش هەوڵ دەدەن هەمان مۆدێل دوبارە بکەنەوە.

هەر لەو دیمانەیەدا لەبارەى گۆڕانکارى و نویبونەوە لە بزوتنەوەى گۆڕاندا، مەجید ساڵح ئەوەى خستەڕو کە ئۆرگانەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بە شێوەیەک داڕێژراون کە لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەگمەنە، بەشێوەیەک دەستورى گۆڕان هەمو ئەو رێوشوێنانەى دیاریکردوە و ئاسانکارى کردوە بۆ گۆڕانکارى بە ئاسانترین شێوە، وتیشى: "ئەوە وایکرد دواى کۆچى دوایى کاک
نەوشیروان بزوتنەوەى گۆڕان بتوانێت خۆى نوێ بکاتەوە و گۆڕانکارى بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوامى دەدات بە رێباز و ئەزمون و تێگەیشتن و دنیابینى کاک نەوشیروان".


هەواڵی زیاتر