هەنگاوەکانی خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان دەستیپێکردوە

04/08/2019

سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بە کردەیى هەنگاوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و رێکخستنەوەى پەیکەرى رێکخراوەیى دەستیپێکردوە و دەڵێت: "پۆستەکانى ناو ئۆرگانەکانى گۆڕان کە بەبەتاڵى ماونەتەوە پڕ دەکرێنەوە".

دڵخواز کاکە رەش، سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) کە دواتر دەقەکەى بڵاو دەکرێتەوە ئاماژە بە رۆڵ و کاریگەرى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات لە گواستنەوەى ململانێى چەکدارى بۆ ململانێى سیاسى لەرێگەى خەباتى پەرلەمانیى و کارکردن بۆ بەدیهێنانى دادپەروەرى و دیموکراسى بە ئەنجامدانى ریفۆرم و چاکسازى و روبەڕوبونەوەى گەندەڵى و دەڵێت:"گۆڕان وەک شۆڕشێكی نوێیە لە شێوازی حیزبایەتی و حوكمڕانی بەوپێیەى مۆدێلێكی نوێی هێنایە ئاراوە بەوەى یەكەمجارە حیزبێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆنیی پەرلەمانی بێتە ئاراوە لەم ناوچەیەدا بەبێ رشتنی خوێن و بەكارهێنانی هێز".

لەبارەى ئەو رەخنانەى لە بزوتنەوەى گۆڕانیش دەگیرێن، سکرتێرەکەى جڤاتى گشتى دەڵێت:"حاڵەتێكی ئاساییە گۆڕان روبەڕوی رەخنە ببێتەوە، چونکە ئەم مۆدێلە لە پێشودا پەیڕەو نەكراوە و بەشێک لە رەخنەکانیش مەبەست و ئامانجى دیکەى لەپشتەوەیە و بۆ تەگەرە خستنە بەردەم کارى بزوتنەوەکە بون، بەڵام دەتوانین بڵێین لە دە ساڵى رابردودا بزوتنەوەی گۆڕان زۆر سەركەوتو بوە لە گەیاندنى بەرنامەی چاكسازیی و هۆشیار کردنەوە و پێشکەشکردنى ئەزمونێک کە دواتر لایەنەکانى دیکە ناچاربون هەنگاوى هاوشێوەى بەدوادا بنێن".

دڵخواز کاکە رەش، جەخت لە جیاوازى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات لە هێز و لایەنەسیاسییەکانى دیکە لە روى سیاسەتکردن و وەرگرتنى بڕیارى سیاسیەوە تا داڕشتنى پەیکەرى رێکخراوەیى، سەبارەت بە هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندن-یش کە جڤاتى نیشتیمانى رۆژى (14)ى ئەیلولى بۆ دیاریکردوە دەڵێت: "پەیکەرى رێکخراوەیى و دەستورى بزوتنەوەى گۆڕان بەشێوەیەک رێکخراون کە هەمیشە هەڵبژاردن و جێگرتنەوەى کەسێک کارێکى قورس نییە بۆ گۆڕان، ئیستاش هەنگاوەکان لە ژورى یاسایى و هەڵبژاردن و جڤاتى گشتى و نیشتیمانى دەستى پێکردوە بۆ بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن و پڕکردنەوەى ئەو
پۆستانەى پێشتر بە هەر هۆکارێکى چونە حکومەت یان کۆچى دوایى و دەستلەکارکێشانەوە بەرپرسەکانیان لەو پۆستانەدا نەماون".

رۆژى (24/7/2019) جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بڕیاریدا کە رۆژى (14)ى ئەیلولى داهاتو هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندن و رێکخەرى گشتى بەڕێوەبچێت.


هەواڵی زیاتر