وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: ئەركی ئێمەیە خزمەتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بكەین

04/08/2019

كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەڵێنی دا پشتیوانی لە هەر پڕۆژە یاسایەك بكات كە لە خزمەتی كورتەباڵاكان و خاوەن پێداویستییە  تایبەتەكان و هەمو ئەو چین و توێژانەی تردابێت كە لەچوارچێوەی مامەڵەی  وەزارەتەكەیاندایە.

لە سەردانێكیدا بۆ بارەگای كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان لە سلێمانی،  كوێستان محەمەد رایگەیاند: وەزارەتەكەی ئەوان مامەڵەی لەگەڵ كۆمەڵێك چین و  توێژی زۆر بەرفراواندا هەیە كە  تائێستا وەك پێویست هاوكاری نەكراون  لەكاتێكدا كە ئەوان پێویستە زۆرترین ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و گوێیان لێ  بگیرێت و هەوڵبدرێت پێداویستییەكانیان دابین بكرێت و كەموكوڕییەكانیان
چارەسەر بكرێت.

وتیشی: ئێمە لە خولی سێیی پەرلەماندا زۆر هەوڵماندا یاسای تایبەت بە  كورتەباڵاكان جیا بكەینەوە لە یاسای خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان، چونكە  پێداویستیی كورتە باڵاكان جیاوازە لە پێداویستی خاوەن پێداویستیە  تایبەتەكان و دەبێ بە جیاوازی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، لە ئێستاشدا قسەمان  لەگەڵ پەرلەمان كردوە ئەو پڕۆژەیەی ئامادەتان كردوە لێتان وەربگرن و  هەركاتێك پڕۆژەكە چوە پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەكەم و دوەمی بۆ كرا،  وەزیری پەیوەندیدار بانگ دەكرێت، ئەو كاتە ئێمە وەك وەزارەت دڵنیاتان  دەكەینەوە كە پشتیوانتان دەبین.

هەروەك بەڵێنیشی دا بەدواداچونی پێویست بۆ داوا و کێشەکانیان بکات و ئەوەی  پێویست بێ بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و کورتە باڵاکانی ئەنجام بدات.

ئاشکراشیکرد دوای جەژنی قوربان ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی موچەکانیان راگیرابو، بەڵام پشکنینەوەیان بۆ کرابو، موچە راگیراوەکانیان وەربگرن، کە  ژمارەیان زیاتر لە (13) هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتە و وەزیری دارایی و  ئابوری رەزامەندی دەربڕیوە بۆ خەرجکردنی موچەکانیان.



سلێمانی/ ئاری لوقمان


هەواڵی زیاتر