پێویستە باڵەخانەى شیاوتر بۆ منداڵانى بێسەرپەرشت دابین بکرێت
17/08/2019
کوێستان محەمەد وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى جەژن لەگەڵ منداڵانى بێسەرپەرشت دەکات و رایدەگەیەنێت؛ پێویستە پێش هەمو کارێک هەوڵى باشکردنى باڵەخانە و شوێنى مانەوەى نەوجەوانانى کوڕان و کچان و بەساڵاچوان بدەین.
وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بەوەشکرد لە سەردانى مەیدانیان بۆ باڵەخانەى نەوجەوانان درکیان بە بونى کەموکوڕى کردوە لەروى باڵەخانە و پێداویستیەکانیانەوە، وتیشى:"وەک وەزارەت زەویمان هەیە، بەڵام رەنگە لە ئێستادا دروستکردنى باڵەخانەیەکى نوێ بۆیان کەمێک زەحمەت بێت لەروى دابینکردنى تێچوەکەیەوە بۆ وەزارەت، بۆیە هیوادارم خەڵکى خێرخواز و رێکخراوەکان لەگەڵ وەزارەت هیمەتێک بکەن لەپێناو دابینکردنى شوێنێکى شایستەتر بۆیان".
بەپێى زانیارییەکانى (سبەى) تەنها لە خانەى کوڕانى خانەى بێسەرپەرشتان، (32) منداڵ و نەوجەوان هەن کە (13)یان تەمەنیان لەنێوان (12 بۆ 18) ساڵدایە و ئەوانى دیکەش لە تەمەن چوار ساڵ و زیاترن کە زۆربەیان بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتیەوە لە خانەکەن و هەندێکیشیان بەهۆى لەدەستدانى باوک و دایکیانەوە.