عەلی حەمەساڵح: گەندەڵیی گەورەمان ئاشكرا كردوە و بڕیاری گرنگیش دەكراون
22/08/2019
عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە
پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەماوەی رابردودا و
لەبەدواداچونەكانیاندا چەندین گەندەڵیی گەورەیان ئاشكرا كردوە هەر لە
خۆدزینەوە لە باجی گومرگ و بەخشین لە گومرگ و وەرگرتنی سەرانە.
رونیشیكردوەتەوە كە دۆسیەی ئەو گەندەڵییانەیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەكان كردوە و چەند بڕیارێك دەركراون.
لە كۆتایی نوسینەكەیدا عەلی حەمەساڵح داوای لە هاوڵاتیان كردوە كە هەر
زانیارییەكیان لەبەردەست بێت سەبارەت بە گەندەڵی لە هەر دۆسیەیەكدا، با
بیگەیەننە دەست فراكسیۆنی گۆڕان بۆ ئەوەی كاری پێویستی لەسەر بكەن.
دەقی رونكردەنەوە:
رونكردنەوە لەبارەی گەندەڵی و خۆدزینەوە لە گومرگ و دەرچونی چەند بڕیارو رێنماییەك
دوای ئەوەی لەماوەی مانگی رابردو بەپێی چەند بەدواداچونێك چەندین گەندەڵی
گەورەمان لە خۆدزینەوە لە گومرگ و بەخشینی گومرگی و سەرانە وەرگرتن ئاشكرا
كرد، دۆسیەكەمان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەكان كرد و
چەند بڕیارێك دەركرا، لەوانە:
1- ئاشكرامانكرد ژمارەیەك كۆمپانیا بەناوی ترانزێت بۆ سوریا كاڵا داخڵی
هەرێمی كوردستان دەكەن و گومرگ نادەن، بەمەش چەندین ملیۆن دۆلار زیانیان لە
داهاتی ناوخۆ دابو، پاش ئەوەی سەرۆكایەتی حكومەت و وەزارەتی داراییمان
ئاگاداركردەوە، بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگ راسپێردرا بەدەركردنی چەند
رێنماییەك. جێبەجێكردنی ئەم رێنماییانە رێگا لەگەندەڵیەكی گەورە دەگرێت و
چەندین ملیۆن دۆلار دەگەڕێنێتەوە خەزێنەی گشتی... چاودێری جێبەجێكردنی
دەكەین.
2- ئەو هێزە ئەمنیەی كە بەنایاسایی پارەیان وەردەگرت لە خۆڵی ئاسنی و هەندێك كەرەستەی دیكە، رێگرییان لێكراو ئێستا ئەو كارە نەماوە.
3- پێشتر سەدان كۆمپانیا بەناوی وەبەرهێنان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە
لێخۆشبونی گومرگیان بۆ دەكرا، سەدان كۆمپانیاش لەلایەن وەزارەتی داراییەوە
لە گومرگ دەبەخشران، ئەمە جگە لەزیانگەیاندن بە داهات، زیانی لە بەرهەمی
ناوخۆییش دابو، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و وەزیری دارایی بڕیاری
پێویستیاندا بۆ ئەم دۆسیە.
4- بەدواداچونێكی وردمان كردوە بۆ خاڵە سنوریەكان، كە بەچەندین رێگا لە
خاڵە سنورییەكان لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی پڕ گەندەڵ و بەناوی كۆمپانیا
پارەیەكی زۆر وەردەگیرێت. كۆی بەدواداچون و بەڵگەكان دەخەینە بەردەست
سەرۆكایەتی حكومەت و وەزارەتی دارایی.
5- دەیان دۆسیەی دیكەی گەندەڵیمان ئامادەكردوەو لە رۆژانی ئایندەدا دەیخەینە بەردەست بەرپرسانی حكومەت.