دەبێت سیاسەتێکی نوێی ئابوری لە هەرێم دابڕێژێرتەوە

29/08/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دەبێت سیاسەتێکی نوێی ئابوری لە هەرێم دابڕێژێرتەوە، دەشڵێت: کارنامەی حکومەت خاڵی زۆر باشی تێدایە و دەبێت دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان سەبارەت بە دۆخی ئابوری هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی ئێستا لە هەرێم دەگوزەرێت جۆرێکە لە فەوزا و قۆرخکاری، بەشێک لە کۆمپانیا حیزبییەکان کراون بە شەریکی حکومەت و ئەرکیان تەنها وەرگرتنی پارەیە، بۆ نمونە بە ئەلیکترۆنی کردنی عەریزە کە ئەوە تەنها کێشانەوەی پارەیە لە هاوڵاتی، یاخود حکومەت پارەی ئاوی بۆ کۆناکرێتەوە و داویەتی بە کۆمپانیا و بەشێک لە پارەکەش دەدرێت بەو کۆمپانیایە.

وتیشی: ئێستا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی گفتوگۆ و هەماهەنگین بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێی ئابوری، چونکە دۆخی هەرێم بە دامەزراندن و موچە بڕینەوە چارەسەر ناکرێت، بەڵکو لەرێگەی بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت و ئاسانکاری کردن بۆ دروستکردنی کارگە و پڕۆژەی نوێ.

جەختی لەوەکردەوە، هەر کەس و وەبەرهێنەرێک دەیەوێت کارگە دابمەزرێنێت، ئەوان بە هەمو شێوەیەک پشتیوانی دەکەن و مۆڵەتەکەی بۆ وەردەگرن، لە هەر شوێنێکیش رێگری لێکرا و هەوڵی وەرگرتنی سەرانە درا، دەبن بە پارێزەر و روبەڕویان دەبنەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ کەناڵی (کەی ئێن ئێن) ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ئابوری رونمان نەبوە، هەروەها دەبێت کار بکرێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران بۆ هەرێم نەک راو بنرێن.

عەلی حەمەساڵح وتیشی: لەگەڵ وەزارەتی دارایی سەرقاڵین کە چۆن داهات زیاد بکرێت، یاسای نەوت و غاز جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ عێراق رێکبکەوین، پێداچونەوە بە یاسای وەبەرهێناندا بکرێت، هەروەها پاڵپشتی کەرتی تایبەت و کارگەکانی ناوخۆ بکرێت و کار ئاسانی بۆ دامەزراندنی کارگەی نوێ بکرێت.

سەبارەت بە یاسای چاکسازیش، ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکرد، لە مانگی ئەیلولدا یاسای چاکسازی دێتە پەرلەمان و کار دەکەن بۆ ئەوەی یاساکە لە بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیان تێپەڕێنن.


هەواڵی زیاتر