فراکسیۆنی گۆڕان: چاکسازی و شەفافیەت و گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە ئەولەویەتمانە

02/09/2019

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کارنامەی خۆی بۆ وەرزی نوێی یاسادانان خستەڕو، کە سەرەڕای پشتگیریی پڕۆژە یاسای چاکسازی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی دیکەی بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و دەرماڵەی خوێندکاران ئامادەکردوە.

رۆژی یەکشەممە، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی پایزه‌ی له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن ئەنجامدا و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان کارنامە و ئەولەویەتی خۆیان بۆ وه‌رزى یاسادانانى نوێ خستەڕو.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: لەژێر رۆشنایی ئەو رێککەوتنامەیەی بزوتنەوەی گۆڕان کردویەتی بۆ بەشداریی کردن لە حکومەتدا، کە روحی رێککەوتنەکان چاکسازییە لە بواری ئابوری و دارایی و یاسایی و کارگێڕیدا، فراکسیۆنی گۆڕان کارنامەی خۆی داڕشتوەتەوە بۆ ئەم خولەی پەرلەمان.

رایگەیاند: خاڵی یەکەممان پشتیوانییە لە یاسای چاکسازیی لە موچە و خەرجی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان و رێکخستنەوەی دامەزراوە داراییەکان، کە هیوادارین لە زوترین کاتدا بێتە پەرلەمان و زو دەرچوێنرێت، لەگەڵئەوەشدا پێمانوایە چاکسازیی تەنها لە خەرجیدا نییە، چاکسازی گەورە پێویستە لە داهاتدا بکرێت بۆ ئەمەش پڕۆژە یاسا وە دەرکردنی چەند بڕیارێکی پێویستە کە ئەوەیان ئەرکی حکومەتە.

وتیشی :"گرنگە بڕیار و یاسای تایبەت بۆ باج دەربکرێت، کە نزیکەی (23) هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەشێکی زۆریان بە تایبەتی کۆمپانیا گەورەکان خۆیان لە باج دزیوەتەوە، لەهەمانکاندا یاسای تایبەت بە خاڵە سنورییەکان و رێکخستنەوەیان کە لە ئێستادا کۆمەڵێک کۆمپانیا بە هەشت جۆری جیاواز لە خاڵە سنورییەکان پارە وەرەگرن".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: بە دامەزراوەیی کردنی کەرتی نەوت یەکێکی دیکەیە لە ئەولەویەتەکان، ئەویش بە دروستکردنی سندوقی داهاتەکانی نەوت و جێبەجێکردنی، لە هەمانکاتدا دروستکردنی کۆمپانیای کوردستان بۆ بەبازاڕکردنی نەوت، کۆمپانیای کوردستان بۆ پاڵاوتنی نەوت و پاشکۆکان، کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی کوردستان.

یەکێکی دیکە لە ئەولەویەتەکانی فراکسیۆنی گۆڕان پێداچونەوەیە بە هەمو ئەو گرێبەستانەی بۆ خزمەتگوزاریی دروستکراوە و دراوە بە چەند کۆمپانیایەک لە ئەنجامدا بە زیانی خەڵکی کوردستان و داهاتی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵێک خەڵک شکاوەتەوە، لەو گرێبەستەی دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ عەریزەی دادنوسەکان، کۆکردنەوەی داهاتی ئاو، پارەی خاشاک، پارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل، چەندین گرێبەستی دیکە کە بە زیانی خەڵک شکاوەتەوە، گرێبەستەکانیش بە رێوشوێنی یاساییدا تێنەپەڕیون.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: پێدانی گرێبەستە خزمەتگوزارییەکان، پێویستە بە یاسا بڕیاری لەسەر بدرێت هەر گرێبەستێک کە مافی گشتی تێدایە پێش پەسەندکردنی دیوانی چاودێری دارایی پەسەندی بکات، ئەمەش رێگرییەکی گەورە لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی دەکات".

عەلی حەمەساڵح رایگەیاند: دەرچواندنی یاسای پاسەوانی یەکێک دەبێت لە ئەولەویەتی کارەکانمان، ئێستا کە تاکە دامەزراوەیەک کە پاسەوانییەکەی بە یاسا رێکخرابێت پەرلەمان و پەرلەمانتارانە.

وتیشی :"کۆمەڵێک چین و توێژ هەیە کە گرنگە ئاوڕیان لێبدرێتەوە، ئەوانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ئەو ژنانەی بێ هاوسەرن، ماوەی پێنج ساڵە تاکە هاوکاری و سەرچاوەی ژیانیان کە (100) هەزار دیناربو راگیراوە، لەگەڵ گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندن بۆ خوێندکاران".

یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، بەلای فراکسیۆنی گۆڕانەوە یەکێکی دیکەیە لە ئەولەویەتەکانی ئەم خولەی پەرلەمان، کە ئێستا لە وەزارەتی دارایی ئامادەکاریی بۆ دەکرێت، پێویستە دەستوبردی لێبکرێت بۆ ئەوەی داهات و خەرجی بە تەواوەتی رون بێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتیشی :"پشتیوانیی رێککەوتنێکی سەنگین لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەین، بەتایبەتی لە بواری دارایی و نەوت و خاک و پێشمەرگە و کۆی سامانە مرۆییەکان".

لەبارەی پڕۆژە یاساکانەوە، عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: بۆ وەرزی نوێی یاسادانان چەندین پڕۆژە یاسامان ئامادەکردوە و لە رۆژانی داهاتودا پێشکەشی دەکەین، ئەوانیش: دەرچواندنی یاسای کاری عێراقی، پڕۆژە یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە، بە خوێندنەوەی وەقیعی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە جێگیرکردنی ژمارە و بە سیستمکردنی ژمارە و  دواتر بە چەند قۆناغێک و بەپێی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان پاشەکەوتی موچە بۆ فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە.

لەگەڵ بە یاسایی کردنی دامەزراندنی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان، کە ئەوەش پاڵپشتی و هانی خوێندن دەدات لە کوردستاندا، چونکە ئەگەر یەکەمەکان بێ ئومێدبن ئەنجامێکی باشی نابێت لەگەڵ دۆزینەوەی رێگەی پێویست بۆ خۆبەخش و گرێبەستەکان.

یاسای دەستەی نیشتیمانیی بۆ دانوستان، کە پڕۆژەکەی لەلایەن فراکسیۆنی گۆڕانەوە ئامادەکراوە.

یاسای قەدەغەکردنی رێکخستنە حیزبییەکان لە ناو هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆدا، یاسای دەستەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی گوندەکان، یاسای بەرکاری خانەنشینی یەکگرتوی عێراق، یاسای پاراستن و گەشەپێدانی خێزان، یاسای داواکاری گشتی، یاسای رێگریی لە زیادەڕەوی لە هەرێمی کوردستان، یاسای دڵنیایی کۆمەڵایەتی، دەستەی گشتی سەلامەتی و باشی بەرهەمی خۆماڵی و هاوردەکان لە هەرێمی کوردستاندا، یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە گەورەترین گرفتە و تائێستا یاسای تایبەتی نییە لە کوردستان، پڕۆژە یاسای دڵنیایی تەندروستی.


هەواڵی زیاتر