دۆسیەی عه‌ریزه‌ی فه‌رمانگه‌کان رادەستی داواکاری گشتی و دەستەی نەزاهە کراوە

03/09/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دۆسیه‌ی عه‌ریزه‌ی فه‌رمانگه‌کانی دادنوسی هەرێم خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی و داواکاری گشتی و وه‌زیری نوێی داد بۆ ئەوەی کاری پێویستی لەسەر بکرێت.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە (سبەی) راگەیاند؛ گرێبەستی عەریزەی فەرمانگەکانی دادنوسی هەرێم لە کابینەی پێشو ئیمزاکراوە و بۆ خزمەتی چەند کەسێک بوە، بۆیە دەبێت ئەم گرێبەستە هەڵبوەشێندرێتەوە.

وتیشی: کۆی دۆسیه‌که‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی و داواکاری گشتی و وه‌زیری نوێی داد و بڕیارە لە ڕۆژانی ئاینده‌دا کاری پێویستی له‌سه‌ر بکەن.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتی:"بەپێی گرێبەستەکە (20) هه‌زار دینار بۆ کۆمپانیاکەیە و (2500) دینار بۆ حکومەت و (2500) دیناری دیکەش بۆ کارمەندەکانە، جگە لەوەش کۆمپانیاکه‌ په‌یوه‌ست نه‌بوه‌ به‌ گرێبه‌سته‌که‌، ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک سیستمی ئه‌لیکترۆنی نیه‌ و ته‌نیا به‌ کۆمپیوته‌ر ده‌نوسرێت".

عەلی حەمە ساڵح رونیشیکردەوە، ئەگەر ئەم بابەتە بە ئەلیکترۆنیش کرابێت، ئەوا ئەرکی حکومەتە ئەو کارە بکات نەک بە باخەڵی هاوڵاتی چەند کەسێکی پێ دەوڵەمەند بکرێت.

راشیگەیاند؛ دەیان دۆسییەی هاوشێوەی عەریزەکان هەیە کە بە شێوازی جۆراوجۆر و بە ناوی کۆکردنەوەی پارەی ئاو و خاشاک و کرێی تابلۆی بازرگانی لەلایەن کۆمپانیاوە پارە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.


هەواڵی زیاتر