جڤاتی گشتی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرێت
03/09/2019
پێشنیوەڕۆی رۆژی دوشهممه جڤاتی گشتی لەسەر پرسی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن کۆدەبێتەوە.
پەیامنێری (سبەی) رایگەیاند: سەعات (11)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دوشهممه جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەیەکی راوێژکاریی ئەنجامدەدات، لەبارەی خۆڕێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و ئامادەکارییەکان لەوبارەیەوە.
وتیشی :"بڕیارە رۆژی 12ی ئەم مانگە، جڤاتی گشتی کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی جڤاتەکە کە لە سێ کەس پێکدێن، کە بەپێی دەستوری ناوخۆیی سەرۆکی جڤاتی گشتی راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان".
بە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی، رۆژی (14)ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەکرێت کە پێکدێن لە (رێکخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی، سکرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری ژورەكان، سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری كاروباری خەڵك) لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵدەبژێردرێن و سکرتێری جڤاتی گشتییش لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت و راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ماوەی خولی خانەی راپەڕاندن بۆ دو ساڵ دەبێت و ئەندامانی خانە، سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەنەوە کە بەدەنگدانی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵدەبژێرردێن.
بەپێی زانیارییەکانی (سبەی) ژوری هەڵبژاردن و ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكارییەكانیان گەیاندوەتە قۆناغی كۆتایی و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدانی ئەو پۆستانە بكرێتەوە.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی، ئەندامانی هەردو جڤاتی گشتی و نیشتیمانی و کەسایەتییە ناسراوەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ پۆستی رێکخەری گشتی و ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن کاندید بکەن.