ژنانی هەدەپە و گۆڕان باس لە یەکێتی ژنانی باشور و باکوری کوردستان دەکەن
07/09/2019
وەفدێكی ژنانی پەرلەمانتار و هاوسەرۆكی شارەوانیەكان و چالاكوانانی سیاسی پارتی گەلانی دیموكرات (هەدەپە)، سەردانی ژنانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد و لەلایەن ژمارەیەك لە ژنە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازییان لێكرا.
لەكۆبونەوەیەكدا هەردولا جەختیان كردوە لەسەر پێكەوەكاركردن و پێكهێنانی یەكێتییەكی ژنان و بەردەوامیدان بە پەیوەندیەكانیان و دروستكردنی هەماهەنگی لە پرسە سیاسی و نەتەوەییەكان و پرسەكانی تایبەت بە ژنان.
فەلەكناس ئۆجە پەرلەمانتاری هەدەپە لە توركیا رایگەیاند: ئامانجی سەردانەكەیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە بو كە وەك ژنانی هەدەپە و وەك پەرلەمانتارانی باكور باس لە گرنگیی دەسكەوتە نەتەوەییەكان بكەن و بەپێویستیان زانی ژنان گرنگییان پێ بدرێت و هەلی مەزنیان پێ بدرێت.
وتیشی: پێمان وایە ژنانی كورد رۆڵ و توانایەكی كاریگەریان هەیە، وتیشی: پێمان باشە یەكێتییەكی ژنانی كورد لەكوردستانی گەورە پێكبهێنین بۆ بەرگری لە پرس و خواست و داواكارییەكانی ژنی كورد.
هاوكات چیمەن محەمەد رەشید هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لەگەڵ ژنانی باكور كۆمەڵێك باسیان تاوتوێكرد وەكو پرسە نەتەوەییەكان بەگشتی و پرسی ژنان بەتایبەتی، ئەوان بۆچونی ئەوەیان هەیە یەكێتییەكی ژنان دروست بكرێت كە نوێنەری هەمو پارچەكان و هەمو پارتە سیاسییەكان و تەنانەت نوێنەری بێلایەنیشی تیا بێت و ئامانجە سەرەكییەكەیان تەنها پرسی ژنان بێت.
وتیشی: وەكو ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر پڕۆژەیەكی لەوجۆرەمان هەبوە، بەڵام زەمینەی جێبەجێكردنی قورس بو، هەربۆیە لە قۆناغێكدا رامان گرت، ئێمە پێشوازی لەو بۆچونە دەكەین و داوامان كردوە پەیكەری رێكخراوەیی و پەیڕەوی ناوخۆیی ئەو دامەزراوەیەمان بدەنێ و هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین دواتر وەڵامیان دەدەینەوە، هەرچی شتێكیش لە بەرژەوەندیی ژناندا بێت ئێمە كار بۆ جێبەجێكردنی دەكەین.