دلێر عەبدولخالق: چاکسازیی بوەتە پێویستییەکی هەنوکەیی

07/09/2019

دلێر عەبدولخالق رایدەگەیەنێت؛ ئەزمونی حکومڕانی هەرێم گیردۆی کۆمەڵێک گیروگرفتە و ئەنجامدانی چاکسازی بوەتە پێویستییەکی هەنوکەیی بۆ دۆخی ئێستای هەرێم، دەشڵێت: هەست دەکەین کە ئیرادەیەک هەیە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.

دلێر عەبدولخالق، ئەندامی بۆردی میدیایی کۆمپانیای وشە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (KNN) سەبارەت بە ئاماژەکانی خواستی ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەزمونی حکومڕانی کوردستان لە رابردودا لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا نەبوە و نەیتوانیوە خزمەتی خەڵک بکات، ئەوەش هۆکاری سەرەکی بوە بۆ نیگەرانی و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان.

وتیشی :"چەمکی چاکسازیی و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی سەرەتا لە میدیای ئەهلی و دواتر بە دروست بونی ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەی گۆڕان، بو بە دروشمی هەمو هاوڵاتیان".

ئاماژەی بەوەکرد؛ دوای (28) ساڵ لە حکومڕانی خۆماڵی، دەبێت ئەم قۆناغەی ئێستا جیاکەرەوە بێت لە نێوان قۆناغە خراپەکانی رابردو، ئەویش بە ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی و لێدان لە بەرژەوەندی هەندێک گروپ و تاقم، کە بە ئەنجامدانی چاکسازیی بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، جگە لەوەش بۆ ئەوەی حیزبەکان بمێننەوە و لە بەردەم دادگای خەڵک و جەماوەردا روسور بن، پێویستە پاڵپشتی ئەنجامدانی چاکسازی بکەن".

دلێر عەبدولخالق، رایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەست دەکرێت ئیرادەیەک هەیە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، جگە لەوەش لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەت تێگەیشتون لەوەی کە ئەنجامدانی چاکسازی گرنگە، بەتایبەتیش لەرێگەی سەرپێخستنی یاسای چاکسازیی و نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان موچەی پلە باڵاکان و فەرمانبەران، هەروەها حکومەت دەبێت گوێگری داخوازییەکانی سەدان هەزار هاوڵاتی ئەم هەرێمە بێت و بە پێچەوانەوە گوێ بە بۆچونی چەند سەد کەسێک نەدات کە موچە و ئیمتیازاتی باڵایان هەیە و بەرژەوەندییان لەگەڵ مانەوەی دۆخەکەیە وەکو خۆی".

سەبارەت بە رۆڵی گۆڕان و میدیاکەی لە پاڵپشتیکردنی چاکسازی، دلێر عەبدولخالق وتی :"گۆڕان هێزی قۆناغە سەختەکانە، لە سەرەتای دروستبونییەوە ئامانجی چاکسازی ریشەیی بوە، لەم قۆناغەشدا بە هاوکاری میدیاکەی کە بەشێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵە دەکات، دەیەوێت رۆڵیکی ئیجابی بگێڕێت بە ئاڕاستەی چاکسازیی کردن، جا لەلایەن هەر هێز و لایەنێکەوە بێت، گرنگ ئەوەیە لە کۆتاییدا بچێتە خزمەتی چاکەی گشتی و هاوڵاتیانەوە".

بە پێویستیشی دەزانێت هەر لایەنێک لەگەڵ ئەنجامدانی چاکسازی ئیداریی و دارایی و یاسایی نەبو، حکومەت پەنا بباتە بەر رای گشتی و ئەو هێز و لایەنانە ئاشکرا بکات کە دەیانەوێت ببنە بەربەستی بەردەم پڕۆسەی چاکسازی.


هەواڵی زیاتر