سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان (گەندەڵییەکى گەورە و مەترسیدار) ئاشکرا دەکات

08/09/2019

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان نوسراوێکى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان ئاشکرا دەکات لەبارەى رێگەدان بە هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەلایەن کۆمپانیایەک و دەڵێت: "ئەم نوسراوە گەورەترین دۆسیەى گەندەڵى و بێ دەسەڵاتکردنى حکومەتە" و سەرۆکى حکومەت لە مەترسیی نوسراو و بڕیارەکەى ئەو وەزارەتە ئاگادار دەکاتەوە.

عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان نوسراوێکى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان ئاشکرا دەکات کە حەوت رۆژ لەمەوبەر دەرکراوە و ئیمزاى بەڕێوەبەرێکى گشتى پێوەیە و داوا لە وەزارەتى دارایى دەکات بۆ رێگەدان بە کۆمپانیایەک بە هەناردەکردنى نەوت بۆ ماوەى چوار ساڵ و دەڵێت:"گه‌نده‌ڵیه‌کی گه‌وره‌ و مه‌ترسیدارە، هه‌رچه‌نده‌ نوسراوەکە به واژوی به‌ڕێوەبه‌رێکی گشتی کراوه‌، به‌ڵام تۆڕێکی ئێجگار گه‌وره‌ی له‌ پشته‌، تێپه‌ڕبونی ئه‌م نوسراوه‌ گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌ و بێ ده‌سه‌ڵاتکردنی حکومه‌ته‌".

سەرۆکى فراکسۆنى گۆڕان ئەوە دەخاتەڕو کە بەهاى ئەو نوسراوە (738) ملیۆن دۆلاره‌  و قازانجی قۆرخکاری زیاتر له‌ دو ملیار دۆلاره، جگە لەوەى زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ رێگا به‌ هیچ کۆمپانیایه‌ک نادرێت هاورده‌ و هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه‌کانی نه‌وتی خاوبکات.

ئەوەش دەخاتەڕو کە بەپێى نوسراوەکە؛ تا چوار ساڵی دیکە حکومه‌تی هه‌رێم هیچ ده‌سه‌ڵات و بڕیارێکی به‌سه‌ر به‌رهه‌می نه‌وتدا نامێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌سید به‌هیچ کۆمپانیایه‌ک نادرێت و ته‌نیا به‌م کۆمپانیا دراوه‌، "ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمپانیاش ته‌نیا ره‌سید بفرۆشێت ئێستا ته‌نی (18) دۆلار ده‌کات، به‌مه‌ش ته‌نیا به‌م کاغه‌زه‌ 738ملیۆن دۆلاری ده‌ستده‌که‌وێت، سەربارى ئەوەش ئه‌م گرێبه‌سته‌ی به‌ڕێوەبه‌رێکى گشتى ئیمزای کردوه‌ به‌هاکه‌ی (10) ملیار دۆلاره‌ لەکاتێکدا سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه‌ رێگا پێدانێکی وا گه‌وره‌ واژوبکات، چ جای به‌ڕێوبه‌رێکی گشتی".

دەقى رونکردنەوەى عەلى حەمەساڵح لەبارەى نوسراوەکەوە
بۆ/ سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان..
حه‌وت رۆژ پێش ئێستا به‌ نوسراوێک له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان گه‌نده‌ڵیه‌کی گه‌وره‌ و مه‌ترسیدار کراوه‌.
هه‌رچه‌نده‌ به واژوی به‌ڕێوبه‌رێکی گشتی کراوه‌، به‌ڵام تۆڕێکی ئێجگار گه‌وره‌ی له‌ پشته‌، تێپه‌ڕبونی ئه‌م نوسراوه‌ گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌ و بێ ده‌سه‌ڵاتکردنی حکومه‌ته‌.

ته‌نیا ئه‌م کاغه‌زه‌ به‌هاکه‌ی 738 ملیۆن دۆلاره‌ !
قازانجی قۆرخکاری زیاتر له‌ دو ملیار دۆلاره!
ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ ڕێگا به‌ هیچ کۆمپانیایه‌ک نادرێت هاورده‌ و هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه‌کانی نه‌وتی خاو بکات.
حه‌وت رۆژ پێش ئێستاو (1/9/2019)، ره‌سدێکی (41) ملیۆن ته‌نی بۆ هه‌مو جۆره‌کانی به‌رهه‌می نه‌وت، ده‌درێته‌ یه‌ک کۆمپانیای نه‌ناسراو!
به‌مه‌ش تا چوار ساڵی حکومه‌تی هه‌رێم هیچ ده‌سه‌ڵات و بڕیارێکی به‌سه‌ر به‌رهه‌می نه‌وتدا نامێنێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌سید به‌هیچ کۆمپانیایه‌ک نادرێت و ته‌نیا به‌م کۆمپانیا دراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمپانیا ته‌نیا ڕه‌سید بفرۆشێت ئێستا ته‌نی 18 دۆلار ده‌کات، به‌مه‌ش ته‌نیا به‌م کاغه‌زه‌ 738 ملیۆن دۆلاری ده‌ستده‌که‌وێت!

-ئه‌م گرێبه‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌رێک ئیمزای کردوه‌ به‌هاکه‌ی 10 ملیار دۆلاره‌! سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه‌ رێگا پێدانێکی وا گه‌وره‌ واژوبکات، چ جای به‌ڕێوبه‌رێکی گشتی!

- ده‌یانجار حکومه‌تی هه‌رێم وتویه‌تی نه‌وت ناپاڵێوم، ئێتر ئه‌م هه‌مو ملیۆن ته‌نه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی بکات له‌ کوێوه‌ دێت؟

-ئه‌گه‌ر هاورده‌کردنی ئه‌م سوته‌مه‌نیه‌ بۆ ناو هه‌رێمی کوردستان و عێراق بێت چه‌ندینجار مه‌ترسیدارتره‌، چونکه‌ نه‌فتاو کۆندێنسه‌یت ئێستا له‌گه‌ڵ ماده‌ی پترۆ کیمیاوی تێکه‌ڵده‌کرێن و وه‌ک به‌نزین ده‌فرۆشرێت، که‌ ئه‌مه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یه‌.
-به‌های ئه‌م مامه‌ڵه‌ی نزیکه‌ی 10 ملیار دۆلاره‌، که‌ئه‌مه‌ش قه‌باره‌یه‌کی گوماناویه‌، له‌کاتێکدا کۆی داهاتی نه‌وتی بۆری له‌ ساڵێکدا ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تی دارایی سێ ملیار دۆلاره‌. ئیتر ئه‌م هه‌مو به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌ له‌ کوێوه‌ دێت، چۆن ساغ ده‌بێته‌وه‌.
-ئه‌م کۆمپانیا نه‌ناسراوه‌ ئه‌م هه‌مو توانایه‌ی له‌ کوێ بو له‌ ڕۆژێکدا 1120 (هه‌زارو 120 تانکه‌ر) به‌ به‌رهه‌می نه‌وته‌وه‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل و یان بیهێنێت؟
-ته‌نیا ئه‌و پاره‌ی وه‌ک مه‌نه‌فێست ده‌ستده‌که‌وێت رۆژانه‌ 580 هه‌زار دۆلار(58 ده‌فته‌ره‌)، ئه‌ویش ته‌نیا کاغه‌زێکه‌ رۆژانه‌ چه‌ند کۆمپانیایه‌ک دروستی ده‌که‌ن و به‌ ئیجباری ده‌یده‌نه‌ بارهه‌ڵگره‌کان و ئۆتۆمبیلی دیکه‌ش، داهاته‌که‌شی بۆ خۆیانه‌!


هەواڵی زیاتر