دوایین زانیارى لەبارەى هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕانەوە
12/09/2019
دوایین ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچونى پرۆسەى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى
بزوتنەوەى گۆڕان ئەنجامدراون و لەو چوارچێوەیەدا سبەینێ دەستەی سەرۆكایەتی جڤاتی
گشتی هەڵدەبژێردرێت و رۆژی شەممەش ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی هەڵدەبژێردرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامنێرى (سبەى) رایگەیاند؛ ئامادەكارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان
بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان بەردەوامی هەیە و لە دوێنێ سێشەممەوە فۆڕمی كاندیدەكانی
دەستەی سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی ئاڕاستەی ژوری یاسای كراون بەمەبەستی راستاندن و
پەسەندکردنیان بەپێی مەرج و رێنماییەكان.
هەروەک بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە و دەستەی
سەرۆكایەتی نوێ هەڵبژێرێت.
لاى خۆیەوە یاسین حەمەعەلى، ئەندامى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان بە (سبەی)
راگەیاند؛ سبەینێ پێنجشەممە وادەى خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدانی رێكخەری گشتی و ئەندامانی
خانەی راپەڕندن دادەخرێت و دوای ناردنی فۆڕمی كاندیدەكان بۆ ژوری یاسایی بەمەبەستی
راستاندن، سەعات (10)ی بەیانی رۆژی شەممەی داهاتو (14/9/2019) هەڵبژاردنى ئەندامانی
خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بەڕێوەدەچێت.
وتیشى: "هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن لیژنەیەكەوە
سەرپەرشتی دەكرێت كە دادوەرێك سەرۆكایەتی دەكات و دو ئەندامی ژوری یاسایی و ژوری هەڵبژاردنی
گۆڕان تێیدا ئەندامن".
سلێمانى/ بڕیار نامیق