جڤاتی گشتی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرێت
12/09/2019
کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد و ناوی کاندیدەکان ئاشکرا کران.
پەیامنێری (سبەی) رایگەیاند: وەک بڕیاربو، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی کۆدەبێتەوە، لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا دەستەی پێشوی جڤاتی گشتی وتاری ماڵئاوایی پێشکەش دەکەن و هیچ یەکێک لە سەرۆک و جێگر و سکرتێری جڤات خۆیان بۆ پۆستەکانیان کاندید ناکەنەوە.
بۆ خولی نوێی سەرۆکایەتی هەریەک لە جەمال حاجی محەمەد و کوردە چاوشین بۆ سەرۆک و عەلی عەبدوڵا (عەلی باڵا بەرز) بۆ جێگری سەرۆک و پێشڕەو رەئوف بۆ سکرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدن.
هەڵبژاردنەکە لەلایەن ژوری هەڵبژاردن و ژوری یاساییەوە بەپێی رێنماییە بنەڕەتییەکان و دەستوی ناوخۆیی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی جڤاتی گشتی راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و رۆژی شەممەش هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و پێنج ئەندامەکەی دیکەی خانەی راپەڕاندن دەکرێت.