دەستەی سەرۆکایەتی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران

12/09/2019

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد.

دوای بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، جەمال حاجی محەمەد بە سەرۆک و عەلی عەبدوڵا بە جێگری سەرۆک و پێشڕەو رەئوف بە سکرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێژردران.

سەرۆکی جڤاتی گشتی راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و رۆژی شەممەی داهاتو (14/9/2019) هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و پێنج ئەندامەکەی دیکەی خانەی راپەڕاندن دەکرێت.

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژکاریی بوارەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، کارگێڕی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.

جڤاتی گشتی پێکدێت لەو کەسایەتییە گشتییانەی لە ماوەیەکی تەمەنیاندا لە یەکێک لە بوارەکانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبوە، لەوانەی کەسایەتی سیاسی، کەسایەتی زانستی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی.
دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، جەمال حاجی محەمەد سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند: پڕۆسەکە زۆر دیموکراتی و شەفاف بوە و راستەوخۆ لە میدیاکانەوە پەخشکرا.

وتیشی :" هیچ جۆرە فشارێک نەبوە و ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە رکابەریی لەسەر پۆستی سەرۆکی جڤاتی گشتی هەبوە".

ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەرکی جڤاتی گشتی راوێژکارییە و ژمارەیەک لیژنە دروست دەکرێت بۆ ئامادەکردنی ژمارەیەک پڕۆژە یاسا، کە دواتر ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی دەکرێت بۆ پەسەندکردنی، پاشان بەپێی تایبەتمەندی ئاڕاستەی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت.


هەواڵی زیاتر